خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات

13-09-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی زاخۆ یانەی نەورۆز
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ شەممە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات، یانەی زاخۆ ئەرکی ئاسان نییە و یانەی نەورۆز دەیەوێت دڵی هاندەرانی خۆش بکات. 
 
وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق چاوەڕواندەکرێت پڕبێت لە مملانێی بەهێزی تیپەکان، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری یانەکان پارەیەکی زۆرییان خەرجکردووە و بە یاریزانی بەنێوبانگ ریزەکانیان تۆکمە کردووە، یەکێتیی تۆپی پێی عێراقیش بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت بە جوانترین شێوە یارییەکان بەڕێوەببات.
 
رێوڕەسمی دەستپێکردنی وەرزی نوێ لە شاری بەغدا بەئامادەبوونی خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا بوو، تۆپێکی تایبەت کە لە لایەن کۆمپانیای ئەدیداس دروستکراوە بۆ یارییەکان نمایشکرا، مۆسیقایەکی تایبەت بە خولەکەش داندراوە، بۆ یەکەمجاریش باشترین یاریزانی یارییەکان خەڵات دەکرێن و کۆمپانیایەکی جیهانی هەموو مانگێک باشترین یاریزان و راهێنەری مانگ خەڵات دەکات. 
 
یانەی زاخۆ وەرزی رابردوو پلەی سێیەمی خولەکەی وەرگرت، بۆ وەرزی نوێ بەئومێدێکی گەورە لە خولەکە دەڕوانێت، سوورپۆشانی خابوور بۆ وەرزی نوێ پشتیان بە تواناکانی ویسام رزق، راهێنەری قەتەری بەستووە و تیپەکەیان بە دەیان گرێبەست لەگەڵ ئەستێرە ناوخۆییەکان و پیشەگەر بەستووە و باڵکێشترینیان شێرکۆ کەریم، ئوسامە رەشید، عەلا دالی، تیپەکە جیا لە ئامادەکارییەکانی ناوخۆی کەمپێکی راهێنانی لە شاری ئیزمیتی تورکیا بۆ یاریزانێکی کردەوە. 
 
لە گەڕی یەکەمی خولەکەدا یانەی زاخۆ کاژێر 20:30 لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی مەدینە لە شاری بەغدا یاری لەگەڵ یانەی تەڵەبە دەکات، یارییەکەی زاخۆ بەرامبەر تیپێکە کە راهێنەرەکەی تەڵال بڵۆشییە، وەرزی رابردوو راهێنەری زاخۆییەکان بووە و شارەزاییەکی باشی لە سیفەت و خاڵە بەهێزەکانی تیپەکەی پێشوویەتی، یارینەکردنی ئەمجەد عەتوانی گەورە ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق خەمی گەورەی هاندەرانی یانەی زاخۆیە کە بەهۆی سزادانی بەهۆی رووداوەکانی یاریی کۆتای جامی عێراق سزادراوە و یاوەری تیپەکەی لەو یارییەدا ناکات. 
 
تەها زاخۆی، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی بۆ رووداو گوتی "دوو رۆژە گەشتی بەغدامان کردووە و تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدایە، دەمانەوێت یەکەم سەرکەوتن پێشکێشی هاندەرانمان بکەین". 
 
یانەی نەورۆز لە شاری دهۆک کاژێر 20:30 میوانداریی یانەی کارەبا دەکات. وەرزی ئەمساڵ یاسین ئاراس راهێنەری کورد کە خەڵکی باکووری کوردستانە و پێشتر لە سوێد لەگەڵ یانەی داڵکورد کاریکردووە سەرکردایەتی لەشکری تیپەکەی پایتەختی رۆشنبیری دەکات، نەورۆز بۆ وەرزی نوێ ژمارەیەک گرێبەستی باشی کردووە و باڵکێشترینیان هێنانی کاردۆ سدیق، ئەستێرەی پێشووی یانەی کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزییە. 
 
هەر رۆژی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی ئەمانە بەغدا کاژێر 18:00 لەنێو یاریگەی ئەحمەد رازی لە بەغدا یاری لەگەڵ دیالە دەکات. 
 
وەرزی رابردوو یانەی شورتە نازناوەکەی بردەوە، یانەی زەوراش لە پلەی دووەم هات. لەم گەڕەی خولی ئەستێرەکانی عێراق شورتە و زەورا بەهۆی یارییەکانیان لە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا دواخراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە