رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، جارێکی دیکە مشتومڕی لەبارەی چارەنووسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودییەوە وروژاند و باسی ئەگەری بەشداریی ئەو ئەفسانەیەی لە مۆندیالی یانەکاندا کرد.
رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ، بەشداریی لە مۆندیالی یانەکاندا ناکات کە بڕیارە رۆژی 15ی مانگی شەش، بەبەشداری 32 یانە لەسەرانسەری جیهاندا دەستپێبکات.
ئینفانتینۆ کە ماوەیەکی بەرچاوە، سەرقاڵی رێکلامکردنە بۆ مۆندیالی یانەکان، پاشئەوەی فیفا بڕیاریدا شێوازی بەڕێوەچوونەکەی بگۆڕێت و فراوانی بکات، لە پۆدکاستێکی سپیدی یوتیوبەری بەناوبانگی ئەمریکیدا بەشدارییکرد و باسی لە ئەگەری بەشداریکردنی رۆناڵدۆ لە مۆندیالەکە کرد.
سەرۆکی فیفا گوتی، هەلێکی گەورە هەیە بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات. لە وەڵامی پرسیارێکی سپیدا لەبارەی بەشداریکردنی کریستیانۆ لە پاڵەوانێتییەکە، ئەو دەڵێ، "گفتوگۆ لەگەڵ هەندێک یانە هەیە، دەکرێ هەندێک یانە چاودێریی رۆناڵدۆ بکەن و گرێبەستکردنی لەگەڵی بەپێویست بزانن.. کەس نازانێ چی روودەدات".
قسەکانی سەرۆکی فیفا، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە ویستی ئەو دەکەن بۆ بەشداریکردنی رۆناڵدۆ و مێسی پێکەوە لە مۆندیال وەک دوایین پاڵەوانێتیی کە هەردوو ئەفسانەکە کۆبکاتەوە.
رۆناڵدۆی 40 ساڵ، تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێنەکردووەتەوە، لە کاتێکدا هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سعودییەکە کۆتایی دێت.
ئینفانتینۆ لە چاوپێکەوتنەکەی سپیددا، کە یەکێکە لە کەسە هەرە سەرسامەکان بە رۆناڵدۆ و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵیدا هەیە، ئاشکرایکردووە دانوستاندن لەگەڵ چەندین یانە هەیە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکەن.
قسەکانی ئینفانتینۆ، ئەو دەنگۆیانە دووپاتدەکەنەوە کە دەڵێن، رۆناڵدۆ سوورە لەسەر بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، هەروەها باسی ئەوە دەکەن، فیفا مەبەستیەتی بەشداریکردنی رۆناڵدۆ و مێسی بۆ دوواینجار لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە وەک -دوایین سەما - پێشکێشی جیهان بکات.
هەندێک سەرچاوە باسیان لەوەکردووە کە بیرۆکەی بەشداریکردنی رۆناڵدۆ لە مۆندیالی یانەکان، دەکرێ لە رێگەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ و رۆیشتنی بەشێوەی خواستن بۆ یانەیەکی بەشداری مۆندیالی یانەکان، جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی فیفا دەڵێ، "هێشتا هەندێک کات لەبەردەستدا ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیال، کەس نازانێ تا ئەوکات چی روودەدات".
ئەو زیاتر ئاشکرایکردووە، "رۆناڵدۆ دەکرێ یاریی بۆ یەکێک لە یانەکانی مۆندیالی یانەکان بکات، گفتوگۆ لە ئارادایە".
ناوی رۆناڵدۆ لەماوەی رابردوودا بەچەندین یانەی جیاوازەوە بەستراوەتەوە، لەنێویاندا هیلالی سعودی، هەروەها چەندین یانەی بەرازیلی کە لە مۆندیالەکەدا بەشدارن.
هەندێک سەرچاوەی دیکە باسی بۆمبە گەورەکە دەکەن و دەڵێن، پێشنیازی سەرەکی ئەوەیە کە یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی کە لیۆنێل مێسی یاریی لێدەکات، گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکات و بەوەش ئەو دوو ئەفسانەیە بۆ یەکەمجار لە ژیانیاندا پێکەوە درێسی یەک تیپ دەپۆشن.
ئینتەرمەیامی پاش بەدەستهێنانی نازناوی قەڵخانی هاندەران، بلیتی بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکانی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا زۆرینەی بۆچوونەکان بەشداریکردنی ئەو یانەیە بەهۆی ئەو نازناوەوە لە مۆندیالەکە، بەخاترگرتنی فیفا بۆ مێسی و پێویستیی پاڵەوانێتییەکە بۆ بوونی ئەو ئەفسانەیە دەگێڕنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ