رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئانسۆ فاتی، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، نزیکە لە رووکردنە یانەی مۆناکۆی فەرەنسی.
ئانسۆ فاتی، ئەو بەهرەدارە لاوەی بارسێلۆنا، کە چاوەڕێی داهاتوویەکی گەشی لێدەکرا و هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە، هیوایەکی زۆریان بە تواناکانی ئەو ئەستێرە ئیسپانییە هەبوو، ئێستا بووەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر یانەکەوە و بارسێلۆنا دەیەوێت بیفرۆشێت بۆ ئەوەی رزگاری بێت لە مووچە زەبەلاحەکەی.
فاتی، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک نزیکترە لەوەی بارسێلۆنا جێبهێڵێت، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، یانەی مۆناکۆی فەرەنسی لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە و دەیەوێت وەرزی داهاتوو فاتی بباتە خولی فەرەنسا. ئەو سەرچاوانە ئەوەیان پشتڕاستکردەوە، بەرپرسانی یانەی مۆناکۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا کۆبوونەتەوە و رێککەوتوون لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بەشێوازی خواستن بۆ یانە فەرەنسییەکە، بەشێوەیەک کە مۆناکۆ، بەرپرسیار بێت لە بەشێکی زۆری مووچەکەی.
گرێبەستی ئانسۆ فاتی، تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت، ئەو یاریزانە لە دوو ساڵی داهاتوودا 26 ملیۆن یۆرۆ لە یانە کەتەلۆنییەکە وەردەگرێت، بۆ رزگاربوون لەو مووچە بەرزە، یانەی بارسێلۆنا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر شێوازێکی رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە یانەکە.
یانەی مۆناکۆ، پلەی سێیەمی خولی فەرەنسی بەدەستهێناوە و وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ دەبێت، ئادی هوتەری راهێنەری یانەکە، دەیەوێت بەو گواستنەوەیە، پێکهاتەکەی بەهێزتر بکات بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ رکابەرییەکانی وەرزی داهاتووی خولی فەرەنسا و چامپیۆنزلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ