لوکا مۆدریچ.. چیرۆکی ئەستێرەیەکی لەبیرنەکراو کۆتاییدێت

24-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بۆ یانەی ریال مەدرید و هاندەرانی رۆژێکی تایبەتە و یانەکە ماڵئاوایی لە یەکێک لە کاریگەرترین ئەستێرەکانی مێژووی یانەکەی دەکات.
 
لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی بەنێوبانگی کرواتی و یانەی ریال مەدرید دوای 13 ساڵ یارییکردن لە ریزەکانی یانەی شاهانە، کۆتایی بە چیرۆکە پڕ سەروەری و شانازییەکەی دێت و ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات.
 
مۆدریچ کە لە 2012 لە تۆتێنهامەوە چووە یانەی ریال مەدرید تەمەنی 27 ساڵ بوو، یاریزانەکە ئەو کاتە بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ گواسترایەوە.
 
لە ماوەی یارییکردنیدا لەگەڵ یانەکە لوکا مۆدریچ وەرزی زۆرباشی بەڕێکرد، ئاستێکی نموونەیی پێشکێشکرد و 28 نازناوی بردەوە، نازناو نەما بەدەستینەهێنێت، 6 چامیپۆنزلیگی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، لە 2018 خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا.
 
دوایینجار لە 2024 گرێبەستەکەی نوێکرایەوە و 30-6-2025 گرێبەستەکەی کۆتاییدێت و ئیدی چیرۆکی یاریزانەکە لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییهات.
 
ماڵئاوایی لوکا مۆدریچ لە ریال مەدرید لەکاتێکدایە، دوێنێ یاریزانەکە بۆ جاری سێزدەیەم لەسەریەک وەکو باشترین یاریزانی کرواتی لە ساڵدا خەڵاتکرا.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لیۆنێل مێسی پەیوەندیی بە لوکا مۆدریچەوە کردووە، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە رازیبکات پەیوەندی بە ئینتەرمەیامییەوە بکات.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ریال مەدرید دەیویست لە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی یانەکان، رۆیشتنی ئەستێرە کرواتییەکە رابگەیێنێت، بەڵام مۆدریچ خۆی داوایکردووە رۆیشتنەکەی ئێستا بێت، چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید بە کارگێڕیی یانەکەی گوتبوو، باشترە مۆدریچ بمێنێتەوە، بەڵام ریال مەدرید ئەوەی رەتکردووەتەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 22-5-2025 لوکا مۆدریچ لە پەیامێکدا بەفەرمی رۆیشتنی لە ریال مەدرید راگەیاند و گوتی "کاتی هاتووە. ساتێک هەرگیز نەمدەویست بێت، بەڵام ئەوە تۆپی پێیە، هەموو شتێک لە ژیاندا سەرەتا و کۆتایی هەیە. رۆژی شەممە دوایین یاریم لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکەم."
 
مۆدریچ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت " ساڵی 2012 هاتم و درێسی باشترین یانەی جیهانم پووشی، هیوادار بووم كاری گەورە بكەم، بەڵام نەمتوانی بیهێنمە پێش چاوم كە دوای ئەوە چی روودەدات. یارییکردن بۆ ریال مەدرید ژیانی منی وەکو یاریزانێکی تۆپی پێ و وەکو کەسێک گۆڕی. هەست بە شانازی دەکەم کە بەشێکم لە یەکێک لە سەردەمە سەرکەوتووەکانی باشترین یانەی مێژوو."
 
ئەمڕۆ ئێوارە لە یاریی بەرامبەر ریال سۆسیداد، مۆدریچ دوایین یاریی خۆی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامدەدات و هاندەرانی یانەی شاهانە بە بانەری جیاواز و رێزلێنانی زۆرەوە ماڵئاوایی لە ئەستێرە کرواتییەکە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە