گواردیۆلا داوای بەڕێکردنی 17 یاریزانی تیپەکەی دەکات

24-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مانچێستەر سیتی پێپ گواردیۆلا بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، هەڕەشەی ئەوەی کردووە ناچاردەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، لەپێناو کەمکردنەوەی لیستی یاریزانانی تیپەکەی، بەرلەوەی وەرزی داهاتوو دەستپێبکات.
 
میدیاکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، هەڕەشەکانی پێپ بەئاراستەیەکە کە ئەو راهێنەرە کارگێڕیی یانەکەی ناچار دەکات، چارەنووسی 17 یاریزانی تیپەکە، لەنێوان رۆیشتنی یەکجاری و خواستن یەکلابکاتەوە.
 
سەرچاوەکان لیستێکی یاریزانانی مانچێستەر سیتییان بڵاوکردووەتەوە کەناوی چەندین ئەستێرەی ناسراوی یانەکەی تێدایە و دەڵێن، پێپ بڕیاریداوە هەموویان بەڕێ بکات.
 
پێپ لەگەڵ تیپەکەی لە ئەمریکایە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، هەریەکە لە جاک گریلیش، کایل واکەر و کاڵڤن فیلیپسی لەپێکهاتەی تیپەکەی دوورخستبووەوە.
 
گواردیۆلا لە لێدوانێکدا لە ئەمریکاوە گوتی، "لیستێکی زۆر درێژی یاریزانانمان هەیە و ژمارەی یاریزانەکانمان زۆرن، ناتوانین بە 26 تاوەکو 27 یاریزانەوە وەرزی داهاتوو دەستپێبکەین، لە کاتێکدا زۆرینەیان بەشداریی ناکەن".
 
ئەو هەروەها گوتبووی، "هەندێک یاریزان لەماوەی داهاتوودا پلە بەپلە لە تیپەکە دەچنە دەرەوە"، ئاماژەی بەوەدابوو لیستی ئێستای تیپەکەی زیاتر لە 30 یاریزان لەخۆدەگرێت بەبێ گۆڵپارێزەکان.
 
مانچێستەر سیتی لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستی لەگەڵ حەوت یاریزان کردووە و ئەوەش ناچاریدەکات بەرلە دەستپێکردنەوەی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ و داخستنی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە مانگی هەشتدا، یاریزانە زیادەکانی بەڕێ بکات.
 
ئەو لیستەی سەرچاوەکان ئاماژەیان پێداوە، هەریەکە لە کایڵ واکەر، جاک گریلیش، کالڤین فیلیپس، جەیمس ماکاتی، ماکسیمۆ بیرۆنی، ئیدێرسۆن، جۆن ستۆنز، ریکۆ لویس، ڤیتۆر رایس، عەبدولقادر خوسانۆڤ، نیکۆ ئۆرایلی، ماتیۆ کۆڤاچیچ، ئیلکای گوندۆگان، نیکۆ گۆنزالێس، ماتیۆس نونیێز، کلاودیۆ ئیچڤیری و ئۆسکار پۆپ.
 
گواردیۆلا دانیبەوەداناوە کە رۆیشتنی هەندێک یاریزان ئازاربەخش دەبن بۆی، بەتایبەت ئەوانەی حەزدەکات بیانهێڵێتەوە، بەڵام وەکخۆی دەڵێ، رۆیشتنی ئەوانە پێویستە لەپێناو دادپەروەریی بەشدارییکردنی هەمووان.
 
ئەو دەڵێ من ئامادەم هەموویان بهێڵمەوە، بەڵام ئەوان خۆیان دڵخۆش نابن، چونکە ناتوانم هەموویان بەشداریی پێبکەم، بەتایبەت نامەوێت شەش بۆ حەوت یاریزان، لەسەر کورسیی یەدەگ بهێڵمەوە.
 
مانچێستەر سیتی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یوڤێنتوس لە مۆندیالی یانەکان لە یاریی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکان ئامادە دەکات و دەیەوێت پێشەنگی کۆمەڵەکە مسۆگەر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە