رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو چووەتە نێو رکابەرییەکانی گواستنەوەی ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی ئەرجەنتینی و یانەی ئاستۆن ڤێلا، کە لەلایەن یانەی مانچستەر یونایتد و یانەکانی خولی سعودییەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت.
بەپێی رۆژنامەکانی بەریتانیا، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید چاودێریی دۆخی مارتینێز دەکات وەک جێگرەوەیەکی ئەگەری بۆ یان ئۆبلاک، لە ئەگەری ئەوەی گۆڵپارێزە سلۆڤینییەکە بڕیاری جێهێشتنی یانەکە بدات دوای یەک دەیە لە پارێزگاریکردن لە گۆڵی رۆخێ بلانکۆس.
مارتینێز، کە پاڵەوانی مۆندیالی 2022ە و دوو ساڵ لەسەریەک خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی بردووەتەوە، خواستی زۆری لەسەرە. مانچستەر یونایتد دەیەوێت هێڵی گۆڵپارێزییەکەی بەهێزتر بکات، هاوکات یانەکانی خولی سعودی دەتوانن گرێبەستێکی گەورە و خەیاڵی پێشکەش بە گۆڵپارێزە 32 ساڵانەکە بکەن.
ئەگەر ئۆبلاک یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید جێبهێڵێت، ئەوا پێدەچێت دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی مارتینێز چڕتر بکاتەوە، بەتایبەت کە گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و لە 53 یارییدا 16 کلین شیتی تۆمارکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ