ئێنریکێ رەخنە لە مۆندیالی یانەکان دەگرێت

24-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لویس ئێنریکێ مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رەخنە لە چیمەنی یاریگەکانی مۆندیالی یانەکان دەکات و دەڵێت "تۆپ وەکو کەروێشک دەڕوات."
 
ئێنریکێ لە دوای بردنەوەیان لە یانەی سیاتڵ ساوندەرز و گەیشتنیان بە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی " ئەوەی گرنگە بارودۆخی چیمەنی یاریگاکەیە. دوای ئەوەی یارییەکەمان بردەوە ئەم قسەیە دەکەم. بارودۆخی یاریگاکان زۆر دوورە لە ئاستی یاریگاکانی ئەوروپا. کێشە نییە، بەڵام تۆپەکە وەک کەروێشک باز دەدات. ئەمڕۆ، لەبەرئەوەی پێشتر دەستکرد بوو و ئێستا سروشتییە، ناچاربوون چاکی بکەنەوە. لە پشووی نێوان گێمەکاندا دەبوو دیسان چاکی بکەنەوە، بەڵام هەر دە خولەک جارێک وشک دەبووەوە. ئەمە بۆ شێوازی یاریکردنی ئێمە کێشەیە."
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکردووە و دەڵێت "بێگومان، من ئەمە وەک بیانوو بەکارناهێنم. ئەمڕۆ دوای ئەوەی بردمانەوە ئەمە دەڵێم. بەڵام ئەمە کێشەیە. ناتوانیت بەو ئاستەی دەتەوێت یاری بکەیت. بەڵام پێموایە ئەمە شتێکە کە دەبێت فیفا لەبەرچاوی بگرێت."
 
ئێنریکێ رەخنە لە چیمەکانی یاریگەی مەشقەکانیش دەگرێت و بە رۆژنامەڤانانی گوت "نەک تەنیا بارودۆخی یاریگاکان، بەڵکو یاریگاکانی راهێنانیش. چونکە ئەگەر هەوڵ دەدەین باشترین پاڵەوانێتی جیهان ئەنجام بدەین، ناتوانم وێنای ئەوە بکەم کە یاریگایەکی باسکەی NBA پڕ لە چاڵ و چۆڵی بێت. ناتوانم وێنای ئەوە بکەم. ئێمە لە هەندێک یاریگەدا یاریمان کردووە کە تۆپەکە تێیدا لە تۆپی پێ زیاتر لە کەروێشک دەچێت. ئەوە زیانی بۆ ئێمە هەیە. رەنگە سوودی بۆ ئەوانی تر هەبێت."
 
پاریس سانجێرمان لە گەڕی سێیەمی رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکاندا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی سیاتڵ ساوندەرزی ئەمریکیی بردەوە و بە یەکەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، لە قۆناخی داهاتوودا رۆژی یەکشەممە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە