ڤیدیۆ؛ 8 گۆڵیان تۆمارکرد و کەسیان سەرنەکەوت

24-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
پۆرتۆ
پۆرتۆ
نیشانەکردن پۆرتۆ ئەهلی مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی و ئەهلی میسری، یارییەکی مێژووییان لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدا و بەیەکەوە ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
 
لە دوایین یارییاندا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی یەکەمدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکبوونەوە و بە چوار گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
 
سەرەتا لە خولەکی 14 ویسام ئەبو عەلی، دەرگای گۆڵکردنی لە بەرژەوەندی یانەی ئەهلی کردەوە.
 
لە خولەکی 23 رۆدریگۆ مۆرا، پۆرتۆی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە ویسام ئەبو عەلی گۆڵی دووەمی خۆی و پێشکەوتنی ئەهلی تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بە پێشکەوتنی یانە میسرییەکە کۆتاییهات.
 
چوار خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم، ویلیام گۆمێز جارێکی دیکە ئەنجامەکەی بۆ یانەی پۆرتۆ یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 51 ویسام بووە خاوەنی هاتریک و بۆ جاری سێیەم ئەهلی پێشکەوت، بەڵام زۆری نەبرد دوای یەک خولەک سامو ئاگێهوا ئەنجامەکەی راستکردەوە.
 
لە خولەکی 64 محەممەد عەلی بەلێدانێکی بەهێز بۆ جاری چوارەم تۆڕی گۆڵی یانەی ئەهلی هەژاند.
 
دوو خولەک پێشکۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە، پێپێ ئەنجامەکەی بۆ جاری چوارەم لە بەرژەوەندی پۆرتۆدا راستکردەوە، یارییەکە بەیەکسانبوون بە چوار گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
پۆرتۆ و ئەهلی بە ئەنجامدانی سێ یاری 2 خاڵیان کۆکردەوە و هەردووکیان بەیەکەوە ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکان کرد، بەڵام ئەم یارییەیان بووە یارییەکی مێژوویی و یەکێکە لەو یارییانەی زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە