رووداو دیجیتاڵ
سلێمان رەشۆ، ئەستێرەی ئەم وەرزەی یانەی هەندرێن لە خولی نایابی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند "من گەڕوامەتەوە رۆژئاوای کوردستان و بۆ یانەی حەتینی سوری یاری دەکەم و بەنیاز نیم بگەڕێمەوە کوردستان، چونکە پارە نییە".
ئەو یاریزانەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، لەسەر گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەکانی کوردستان بە رووداوی گوت "لە کوردستان پارە کەمە، بۆیە ئەستەمە بگەڕێمەوە".
سلێمان رەشۆ، ئەم وەرزە لە نیوەی دووەمی خولی نایابی کوردستاندا پەیوەندی بە یانەی هەندرێنەوە کرد و رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەرەوپێشچوونی ئاست و ئەنجامی تیپەکەی، کە لەکۆی 12 یارییدا 9 گۆڵ و 6 ئاسیستی هەبوو. هەروەها لەگەڵیدا جامی کوردستانی بردەوە.
سلێمان رەشۆ، لەدرێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو رایگەیاند "ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی هەندرێن ئاسوودە بووم، بەڵام یانەکانی کوردستان لەڕووی داراییەوە لاوازن، راستییەکەی من ئامانجم ئەوەیە لە خولی نایابی عێراق یان خولی ئەستێرەکانی عێراق یاری بکەم، چونکە لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە رێکخراوترن، هەرچەندە یانەی هەندرێن لە هەموو رووێکەوە نموونەیی بوو، داواشیان کرد بمێنمەوە، بەڵام من ئامانجی گەورەترم هەیە".
رەشۆ، حەز بە یارییکردن لە باشووری کوردستان دەکات و بە رووداوی گوت "ئەگەر لە خولی عێراقیش یاریی بکەم، دەمەوێت لەگەڵ یانەیەکی کوردستان یاریی بکەم، یانەی هەولێر، دهۆک، نەورۆز یان زاخۆ. تەنانەت لەگەڵ یانەی پێشمەرگە یان گازی باکوور، کە لە خولی نایابی عێراق بەشدارن".
سلێمان رەشۆ، گەڕاوەتەوە سووریا و ئێستا یاریزانی یانەی حەتینە، پێشتریش یاریی بۆ یانەکانی جیهاد، جەزیرە، حەتین، تشرین و حەرجلە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ