پاڵەوانێتی تایکواندۆی هەولێر بەڕێوەدەچێت

24-07-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یەکێتیی تایکواندۆی لقی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تایکواندۆی لقی هەولێر بڕیاریداوە سەرەتای مانگی داهاتوو پاڵەوانێتیەکی تایبەت بە ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان لە شارۆچکەی شەقڵاوە بەڕێوەببات.

دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر چالاکییەکانی یەکێتیی تایکواندۆی لقی هەولێر سست بوو، نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەولێر گۆڕانکاری لە دەستەی بەڕێوەبردنی یەکێتی تایکواندۆی لقی هەولێر کرد و فەرهەنگ مەجید وەک سەرۆکی نوێی تایکواندۆکارانی هەولێر دەستبەکاربوو.

فەرهەنگ مەجید، سەرۆکی یەکێتیی تایکواندۆی لقی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "رۆژی 6ی مانگی داهاتوو پاڵەوانێتیەکی تایبەت بە ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان بۆ یانەکانی پارێزگای هەولێر لەنێو هۆڵی داخراوی یانە شەقڵاوە سازدەکەین، کێبرکێکە بۆ کوڕان و کچانە و چاوەڕوانین زیاتر لە 200 یاریزان بەشداربن".

هێزەکانی کۆریای باشوور ناسراو بە هێزی زەیتوون لە 2004 لە هەولێر سەربازگەیان کردەوە، ئەوان بایەخێکی زۆرییان بە بڵاوکردنەوەی یاری تایکواندۆ دا، هەروەها دەیان هۆڵی یارییەکەیان لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری کردەوە و خولی راهێنەرییان بۆ راهێنەرانی کورد کردەوە، هەر بۆیە یارییەکە هەواداری خۆی هەیە و بەشێوەیەکی باش ئەم یارییە کۆرییە لە پایتەختی کوردستان بڵاوبووەتەوە.

مەجید روونیشکردەوە "ماوەیەکی زۆرە یاریزانان و هەوادارانی یارییەکە بێبەشن لە چالاکی و رکابەریی، من و برایانم کە دەستبەکاربووین دەمانەوێت سپۆنسەر و پاڵپشتی باش بەدەستبێنین بۆ سازکردنی زۆرترین خول و پاڵەوانێتی، هەروەها کاری هۆڵەکان رێکدەخەمەوە و سیستمێک بۆ کردنەوە و بەڕێوەبردنی هۆڵەکانی تایکواندۆ دادەنێم". 

تایکواندۆ یارییەکی جەنگییە و هێزەکانی کۆریای باشوور، کە ئەوان داهێنەری یارییەکەن بایەخێکی گەورەیان پێداوە، لەبەرئەوەی تایکواندۆ بریتییە لە بەرگری لەخۆت. 

یەکەم کۆمەڵەی کۆریای باشوور بۆ تایکواندۆ لە 1959 دامەزرا و بایەخێکی گەورەی بە کردنەوەی قوتابخانەی تایبەت بە یارییەکە دا، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تایکواندۆش هەر لە کۆریای باشوور دامەزرا لە 1966 و گەورەترین ئەکادیمیا و زانکۆی تایکواندۆش لە کۆکیکوانە، کە بووەتە ناوچەیەکی تایبەتی گەشتیاری وەرزشی و ساڵانە هەزاران یاریزان و عاشقانی یارییەکە سەردانی دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە