گومان لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلێ لە سانجێرمان هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان عوسمان دێمبێلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، درێژکردنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، رووبەڕووی هەندێک تەنگژە بووەتەوە.
 
پاریس سانجێرمان هەوڵدەدات گرێبەستی دێمبێلێ تاوەکو هاوینی 2028 نوێبکاتەوە، لەپێناو خۆ پاراستن لە ئەگەری هاتنە پێشەوەی یانەکانی دیکە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە.
 
دێمبێلێ ساڵێکی نموونەیی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەڕێکرد، پاشئەوەی پێشەوایەتیی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی خۆیدا، لەگەڵ پێنج نازناوی دیکەی نێوخۆیی و ئەورووپی.
 
رۆژنامەی 'لوپاریزیان'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان جووڵەکانی لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە، لە هەفتەی رابردووەوە دەستپێکردووە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، وەک رۆژنامەکە دەڵێ، دۆسێی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە رووبەڕووی هەندێک ئاڵۆزی بووەتەوە، بەهۆی پێکانی بەردەوامی ئەو یاریزانەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، پاریس سانجێرمان و ناسڕ خلێفی سەرۆکی، ستراتیجێکی نوێیان بۆ پاراستنی سەلامەتیی دارایی یانەکە هێناوەتە ئاراوە.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، پاڵەوانی ئەورووپا بڕیاریداوە مووچەیەکی بنچینەیی کەمتر بداتە ئەو یاریزانانەی کۆتایی گرێبەستەکانیان  نزیکبووەتەوە، لە بەرامبەردا پاداشت و هاندانەکانیان زیاتر دەکات.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو بڕیارە نوێیەی یانە پاریسییەکە، تەگەرە دەخاتە بەردەم دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی عوسمان بەهۆی زۆریی پێکانەکانی ئەو یاریزانە و دابڕانی دوورودرێژی لە یارییەکانی تیپەکە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە عوسمان بەهۆی پێکانی بەردەوام و درێژەوە، ماوەی زۆر لە یارییکردن دادەبڕێت و ئەو دابڕانە، وادەکات لە پاداشتەکانی ئاستی باش و بردنەوەی یارییەکان بێبەش بێت.
 
لوپاریزیان دەڵێت، پاداشتەکان پشت بەژمارەی بەشداریی یاریزانەکان لە یارییەکاندا دەبەستن و ئەوەش بۆ ئەم کاتە، خزمەت بە عوسمان ناکات.
 
دێمبێلێ وەرزی رابردوو لەسەر ئاستی کەسیی، خەڵاتەکانی باڵۆندۆر و زە بێستی بۆ باشترین یاریزان بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە