پێرێز، کڵۆپی رازی کردووە ببێتە راهێنەری ریال مەدرید

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرگن کڵۆپ فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، یۆرگن کڵۆپ رازی دەکات پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید وەربگرێت و بەڵێنی گرێبەستی ئاگرینی پێداوە!
 
داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، لەناو دەنگۆیەکی زۆر سەبارەت بەئەگەری وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید لەلایەن یۆرگن کڵۆپەوە لە داهاتوودا. 
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە، کە پێشتر سەرکردایەتی لیڤەرپوولی کردووە، ئێستا دوای جێهێشتنی یانە ئینگلیزییەکە بێ یانەیە و بە بژاردەی دڵخوازی فلۆرێنتینۆ پێرێز دادەنرێت، بەڵام پەیوەندیکردنی لە مانگی یەکدا 'مێرکاتۆی زستانە' بەتەواوی دوورە لە روودان، چونکە سەرچاوە نزیکەکان لە یانەکە رایانگەیاندووە کە کڵۆپ لەڕێگەی بەڕێوەبەری کارەکانییەوە کارگێڕیی یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێستا گرێبەست واژۆ ناکات. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا ریال مەدرید تاوتوێی ئەگەری هێنانی دەکات لە هاویندا، بەو مەرجەی کۆمەڵێک لە داواکارییەکانی بۆ بەهێزکردنی تیپەکە جێبەجێ بکرێن، کە بەلایەنی کەمەوە گرێبەستێکی بەرگری و یاریزانێکی نوێی ناوەڕاست لەخۆدەگرێت. 
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ریال مەدرید، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە توانیویەتی کڵۆپ رازی بکات لە هاوینی داهاتوودا ببێتە راهێنەری مێرینگێ و دەڵێن "پێرێز بەوە کڵۆپی رازی کردووە کە بەڵێنی پێداو چەند گرێبەستێکی ئاگرینی بۆ بکات، کە دیارترین ئەو ناوانەی بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری پێشنیازکراون بریتین لە ئۆپامیکانۆ و مارک گێی، لەکاتێکدا ناسنامەی یاریزانی ناوەڕاست هێشتا جێگەی گفتوگۆیە".
 
تاوەکو ئێستا چابی ئەلۆنسۆ بۆ کەسە نزیکەکانی دووپات کردووەتەوە کە ئێستا پلانی جێهێشتنی ریال مەدریدی نییە، و سەرنجی لەسەر چەسپاندنی پێگەی خۆی و باشترکردنی ئاستی تیپەکەیە، بەڵام ئەگەر تیپەکە لەم وەرزەدا نەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، بەدڵنیاییەوە کارگێڕیی یانەکە چاو بە گۆڕانکاریدا دەخشێنێتەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی بژاردە کاتییەکان وەک سۆلاری، ئەربێلوا، یان تەنانەت زیدان بۆ وەرگرتنی ئەرکەکە، پێش هەر بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە کڵۆپ.
 
هەموو شتێک بەئەنجامەکانی تیپەکە و کارکردنی کارگێڕییەوە بەستراوەتەوە، لەکاتێکدا جەماوەر و شرۆڤەکاران بە وریاییەکی زۆرەوە چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی ریال مەدرید دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە