رووداو دیجیتاڵ
لە نێوان یەکێک لە پاڵەوانانی چامپیۆنزلیگ یان یۆرۆپالیگ، ئەمڕۆ نازناوی شای ئەوروپا لە جامی سوپەری ئەوروپا یەکلایی دەبێتەوە.
بایرن میونشنی تۆقێنەر و پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ لە پوشکاش ئارێنا بەرامبەر یانەی سێڤییای پاڵەوانی یۆرۆپالیگ یاریدەکات.
لە بایرن میونشن هەموو ئاماژەکان باش دەڕۆن، یانە و یاریزانان ورەیان بەرزە، ئەنجامەکانی ئەم دواییەی یانەکەیان وایلێکردوون سڵ لە هیچ نەکەنەوە و ئامادەن بۆ شکستپێهێنانی هەر یانەیەک.
یانە باڤارییەکە هەر لە گۆڵپارێزەوە تاوەکو هێڵی هێرشبەر یاریزانانی سوپەرن، لە هەر کاتێکدا چاوەڕێی گۆڕینی ئەنجامیان لێدەکرێت، بە تایبەت رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی کە ئێستا لە جیهاندا بێ شک بێ رکابەر و باشترینە و لە هەر پاڵەوانێتییەدا بەشداربووبێت گۆڵکار بووە.
بایرن بۆ ئەم یارییە هەموو یاریزانانی بانگهێشتکردووە، هیچ کێشەیەک لە پێکهاتەدا نابینرێت و ئەوەی هانزی فلیکی راهێنەر دەیەوێت یاری پێبکات بۆ یاریکردن ئامادەیە و ئێستا فلیک دەتوانێت بەبێ کێشە و بە هەر جۆرێک بیەوێت پێکهاتەکەی بۆ یارییەکە ئامادەبکات.
لە یۆرۆپالیگدا سێڤییا لە ساڵی 2005ـەوە شەش جار بووەتە پاڵەوان و هیچ یانەیەک ئەوەندە نازناوەی یۆرۆپالیگی بەدەستنەهێناوە، لەبەر ئەوە دەڵێن یۆرۆپالیگ پاڵەوانێتی تایبەت و لە پێشینەی یانە ئەندەلووسییەکەیە.
یانە ئیسپانییەکە درک بە بەهێزی بایرن دەکات، بەڵام دەستیشی لە خۆی بەرنەداوە، ئەوان پاڵەوانی یۆرۆپالیگن و تیپەکەیان وا بە ئاسانی خۆی بەدەستەوەنادات و تەنانەی هەڕەشەی بردنەوەش لە ئێف سی هۆڵیوود دەکات.
سێڤییا سەرەڕای ئەوەی شەشجار لە سوپەردا بەشداربوو، بەڵام تەنیا جارێک بووەتە پاڵەوان، ئەمجارەش بە ئەرکێكی قورسەوە دەیەوێت بایرن تێکبشکێنێت و تاجی شای ئەوروپا لەسەر بکات و ببێتە گەورەی ئەوروپا نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ