رووداو دیجیتاڵ
محەممەد مەنسوور، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی ئاکرێ لەبارەی ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر هەولێر روویدا قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت “چاوەڕێی ئەو کردەوەیەم نەدەکرد".
ئەمڕۆ لەمیانی یارییەکی دواخراوی خولی نایابی کوردستاندا، ئاکرێ لە یانەی هەولێری بردەوە و دوای یارییەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان محەممەد مەنسووڕ و سەلام ئەحمەدی یاریزانی یانەی هەولێر، گرژی درووستبوو و سەلام ئەحمەد بۆ شووشەیەک سەری محەممەد مەنسووڕی شکاند.
دوای یارییەکە سەلام ئەحمەد، لە فەیسبووکی خۆی لە بارەی ئەو رووداوەوە نووسیوویەتی" ئەو رووداوەی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندی بە یانەی ئاکرێ و هەولێر نییە و بۆ کێشەیەکی تایبەتی نێوان خۆمان دەگەڕێتەوە، دوای چەند ساڵێک تۆڵەی خۆمم کردەوە، داوای لێبوردنیش لە یانەی ئاکرێ دەکەم سەبارەت بەو رووداوە"
محەممەد مەنسووڕ، دوای یارییەکە بۆ رووداو ئاشکرای کرد" کێشەی من و ئەو یاریزانە دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ پێش ئێستا، بەڵام ئەوکاتە ئێمە شەڕی دەستە و یەخەمان کرد، نەوەک شوشە بەکاربهێنم، بۆیە هەرگیز چاوڕێی ئەو کردەوەیەم نەدەکرد".
ئەو راهێنەرە لە درێژەی قسەکانیدا بە رووداوی گووت" بە چوار تەقەڵ سەرم دووراوەتەوە، بۆ چەند کاژێرێک لە نەخۆشخانە مابوومەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی داوای لێبوردنیان لێ نەکردووم".
چاوەڕواندەکرێت یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لەسەر ئەم رووداوە بێتە دەنگ و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەلام ئەحمەد، بەرگریکاری یانەی هەولێر بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەوە بۆ چەند یارییەک رادەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ