رووداو دیجیتال
سەرۆکی یانەی هەندرێن. لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەگەر وادەی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوو نەبێت ئەوا لە خولەکە دەکشێنەوە.
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، بڕیاریداوە یارییەکانی گەڕی هەشتەمی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی کوردستان رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچن، کە لە بەهێزترین یارییدا یانەی برایەتی میوانداری یانەی هەندرێن دەکات.
جەمال جەلال، سەرۆکی یانەی هەندرێن بە نیگەرانییەوە ئاشکرایکرد "ئێمە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی خۆمان ئەنجامدەدەین و بەشێوەیەکی فەرمی رایدەگەیەنین، ئەگەر واددەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی کوردستان لەم گەڕەدا نەکرێتە رۆژی پێنجشەممە و هەینی ئەم هەفتەیە، ئەوا لە خولەکە دەکشێینەوە".
ئێستا یانەی شێروانە بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ پلەی پێشەنگی ریزبەندی خولی نایابی کوردستانی گرتووە، یانەی برایەتی هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمە، یانەی هەندرێن بە 11 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە.
دڵشاد مەعروف، راهێنەری یانەی هەندرێن، لەبارەی بڕیارەیەکەیان بۆ رووداو، روونیکردەوە "دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان تانەیان لە بڕیاری یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان داوە، لە مانگی رەمەزان یارییەکان هەفتەی جارێک بوو، دواتر باسی ئەوە کرا کە پێنج رۆژ جارێک بێت، بەڵام ئێستا خشتەکە وا داندراوە کە دوای تێپەڕبوونی هەشت رۆژ ئینجا یاری بکرێت، ئەمە باش نییە".
یانەی هەندرێن جارێک نازناوی خولی یانە نایابەکانی کوردستانی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ