رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامە خراپەکانی یانەی ئینتەرمەیامی بەردەوامن، ئەمجارەشیان یانەکە نەیبردەوە و لەگەڵ یانەی فێلادێلفیا یەکسانبوو.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـەیەمی خولی یانەکانی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ فێلادێلفیا یارییکرد و هەردوولا بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
دوای 7 خولەک یارییکردن، کوین سولیڤان گۆڵی پێشکەوتنی بۆ فێلادێلفیا تۆمارکرد و خاوەن یاریگە پێشکەوت.
دوای ئەوە هێرشەکانی هەردوولا بۆ تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر بەردەوامبوون، مێسی هەلێکی لەدەستدا.
لە خولەکی 44 تای باریبۆ گۆڵی دووەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، فێلادێلفیا لە نیوەی یەکەمدا پێشکەوت.
لە خولەکی 60 تادیۆ ئالێندێ، گۆڵێکی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
زۆری نەبرد لە خولەکی 72 تای باریبۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی خاوەن یاریگەی تۆمارکرد.
لە خولەکی 86 لیۆنێل مێسی بەلێدانێکی راستەوخۆ گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و جارێکی دیکە ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا تێلاسکۆ سێگۆڤیا گۆڵی سێیەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و یارییەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
فێلافێلفیا ئێستا بە 30 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئینتەرمەیتامی لە پلەی شەشەمی ریزبەندە، یانەکە لە دوایین 3 یارییدا نەیبردووەتەوە و لە دوایین 8 یارییدا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و 5 جار دۆڕاوە، 23 گۆڵی لەو 8 یارییەدا لێکراوە و 15 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ