خۆزی دۆسکی.. ئەو خانمە راهێنەرە کوردەی بووەتە ژمارەیەکی قورس لە سعودیە

25-05-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خۆزی دۆسکی خولی فوتساڵی نایابی سعودیە
A+ A-
رووداو هەولێر 

خۆزی دۆسکی، خانمە راهێنەری کورد توانی لە یەکەم وەرزی کارکردنی لە خولی فوتساڵی نایابی سعودیە، دەسکەوتێکی گەورە بەدەستبهێنێت و سەرنجی شارەزایان و وەرزشوانانی ئەو وڵاتە بۆ لای خۆی رابکێشێت.
 
ئەو خانمە راهێنەرە کوردە وەرزی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ئەزموونی کاری خۆی لە خولی سعودی تاقیکردەوە، سەرکردایەتی یانەی ئەرتاوی کرد و توانی تیپەکەی بگەیەنێتە یاریی کۆتای خولەکە، کە بڕیارە ئەمڕۆ یارییەکەیان لەگەڵ یانەی ئیتیحاد نسوور ئەنجام بدەن. 
 
ئەرتاوی یانەیەکی وەرزشیی پارێزگای شەرگەی سعودیەیە، پێشتر بەهیچ شێوەیەک بایەخیان بە وەرزشیی خانمان نەداوە و هیچ تیپێکی خانمانیان نەبووە، کاتێک خۆزی دۆسکی راهێنەری کورد گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیە واژۆکرد، بۆ یەکەمجار وەرزشیی خانمانی بردە نێو یانەکە. 
 
کارکردنی خانمە کوردەکە لە سعودیە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و دەسکەوتێکی گەورەیە، ئەرتاوی کە هیچ ناونیشان و ئەزموونێکی نەبووە لە خولی فوتساڵی خانمانی سعودیە، کەچی لە یەکەم بەشداریکردنی بووەتە ژمارەیەکی قورس و نزیکە لە بەرزکردنەوەی جامی پاڵەوانبوون.
 
خۆزی دۆسکی لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "زۆر دڵخۆشم وەک خانمێکی کورد توانیم سەرکردایەتی یانەیەک بکەم کە پێشتر وەرزشیی خانمانیان نەبووە، ئێستاش لە رێگای من بوونەتە ژمارەیەکی قورس، ئەو کارە ئاسان نەبوو هەوڵ و ماندوویەتییەکی زۆرم پێوە چەشت، دەمەوێت بجەنگین لە یارری کۆتاری و نازناوەکە ببەینەوە".
 
وەرزی ئەمساڵ 21 یانە بەشدارییان لە خولی فوتساڵی یانە نایابەکانی خانمانی سعودیە کردبوو، ژمارەیەکی زۆری خانمە یاریزانی پیشەگەری وڵاتانی ئەفریقیا و ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکای باشوور لە ریزی تیپەکان یارییان دەکرد، بەڵام تیپەکەی خۆزی دۆسکی هەموو یاریزانی لاوی خەڵکی سعودیە بوون، ئەمەش بووە خاڵێکی سەرنجراکێش بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە. 
 
دۆسکی بۆ یەکەمجار نهێنی سەرکەوتنەکانی باس کرد و روونیکردەوە "هەموو تیپەکانی رکابەرم راهێنەر و یاریزانی پیشەگەر بوون، من دەستم بە ئەرکەکەم کرد چووم ژمارەیەک خانمی لاوم لە زانکۆ و کەرتی پەروەردە هێنا، ئەوان پێشتر یارییان نەکردبوو بەتەنیا خۆم بەبێ بوونی یاریدەدەر توانیم بڕوایەکی بەهێزیان بۆ دروستبکەم و رۆحیەتی جەنگاوەریم بۆ دروستکردن، یاریزانەکانم چیان پێدەڵێم لە یارییەکان جێبەجێی دەکەن، زۆر هەوڵ و کۆشمم داوە و متمانەم زۆر بە یاریزانانەکانم هەیە کە نازناوی خولی سعودی ببەینەوە". 
 
ساڵانە پاڵەوانێتیی فوتساڵی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب لەسەر ئاستی خانمان ساز دەکرێت، هەرچەندە لەدوای ساڵی 2020 ئەنجام نەدراوە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ساڵی داهاتوو پاڵەوانێتییەکە ئەنجامبدرێت، ئەگەر یانەی ئەرتاوی ببێتە پاڵەوانی خولی سعودی ئەوا بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
خانمە کوردەکەی خولی سعودی لەبارەی داهاتووی گوتی "ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کارەکانی منە لەکاتێکدا یانەکانی دیکە پڕن لە راهێنەری ئەورووپی، چەند یانەیەکی ناوخۆی سعودیە دەیانەوێت بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستیان لەگەڵ واژۆبکەم و سیڤیەکەشم لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە وەرگیراوە، من دەمەوێت لە هەر شوێنێک کار بکەم ئاستبەرزی خانمانی کوردستان و تواناکانم دەربخەم".
 
خۆزی دۆسکی، خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی، خاوەن بڕوانامەی راهێنەری ئاستی سی و بی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیایە، خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی راهێنەری تۆپی پێی شەش یاریزانییە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە