جوانترین چیرۆکی مۆندیال.. ئەو یانەیەی یاریزانەکانی مامۆستا، فەرمانبەر و کارمەندی گەیاندنن

25-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئۆکلاند سیتی مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا، پڕە لە چیرۆکی جیاواز، لە بەرزی پلەی گەرما، خراپی چیمەنی یاریگەکان، ماندوو بوونی یاریزانان و کەمی ئامادەبوونی هاندەران، بەڵام هیچ چیرۆکێک هێندەی چیرۆکی یانەی ئۆکلاند سیتی بەنێوبانگ و سەرنجڕاکێش نییە.
 
ئۆکلاند سیتی، ئەگەر نەیتوانیبێت بە ئەنجامە باشەکانی سەرنجی هەمووان رابکێشێت، بە تیپە جیاوازەکەی بووەتە جێگەی سەرنجی هەمووان و باس باسی ئەو تیپەیە.
 
ئۆکلاند یانەیەکی نیوزلاندییە، لە ساڵی 2004 دامەزراوە و تەمەنی 21 ساڵە، یانەکە یەکێک لەو 32 یانەیە بوو کە بەشدارییان لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکاندا کرد لە ئەمریکا.
 
یانەکە لە سێ گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا دوو یاریی دۆڕاند و لە یارییەکدا یەکسانبوو، بەو سێ یارییە 17 گۆڵی لێکرا، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکرد و بە خاڵێک ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی جامی جیهانی یانەکان کرد.
 
یەکسانبوونی یانەکە بەرامبەر یانەی بۆکا جونیۆرز لەلای یاریزانەکانی ئۆکلاندەوە وەکو دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی تەماشا دەکرێت و کاتێک لەگەڵ ئەو یانەیە یەکسانبوون ئاهەنگیان گێڕا.
 
بە یەکسانبوون لە یارییەکەدا ئۆکلاند سیتی 1 ملیۆن یۆرۆ وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.

 
ئەوەی یانەکەی لە هەمووان جیا کردووەتەوە، ئەوەیە کە زۆربەی یاریزانانی ئەم یانەیە یاریزانی پرۆفیشناڵ و پیشەگەر نین، بەڵکو لە دەرەوەی یاریگەکان کاری دووەمیان هەیە و هەریەکەیان کارێکی جیاواز و دوور لە وەرزش دەکات.
 
یەکێک لەو یاریزانانە کریستیان گرایە، کە لە یاریی بەرامبەر بۆکا جونیۆرز گۆڵی تۆمارکرد و لە بنەڕەتدا یاریزانەکە مامۆستایە.
 
سێباستیان سیگاندا یەکێک لە گۆڵپارێزانی یانەی ئۆکلاند سیتییە، ئەو دوای یارییەکەیان بەرامبەر بۆکا جونیۆرز گوتی "هەمووان چاوەڕێی ئەوەبوون بەرامبەر بۆکا شەش گۆڵی دیکەمان لێبکرێت، بەڵام ئەوە رووینەدا، پارەی یەکسانبوونەکەمان کە یەک ملیۆن دۆلارە لەنێو ستافی راهێنەران و یاریزاناندا دابەشی دەکەین."


سێباستیان دەڵێت "لە نیوزلاند کاتی پاککردنەوەی حەوز و جاکوزی دەکەم، لە شوێنی کارەکەم داوای مۆڵەتی بێ مووچەم کردووە، بۆ ئەوەی بتوانم بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکەم، ئەگەر ئەوەم نەکردایە دەبووایە دەستلەکارەکەم بکێشمەوە، کاتێکیش لە ئەمریکا دەگەڕێینەوە دەگەڕێمەوە سەر کارەکەم."
 
ئانگۆس کیلۆکلی، یەکێک لە یاریزانانی یانەکەیە و دەڵێت "خەونێکی گەورەیە بۆ یاریزانانی وەکو ئێمە کە بەشداری لە مۆندیالدا بکەین و رووبەڕووی یانە گەورەکانی وەکو بایرن میونشن، بێنفیکا و بۆکا جونیۆرز دەبینەوە."

 
یاریزانانی ئۆکلاند سیتی، هەمووان کارمەندی کۆمپانیا و دامەزراوەی جیاوازن، کرێکاری پاککردنەوە، گەیاندن، کارگوزار و فەرمانبەری تێدایە، یاریزانەکانی یانەکە بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکان ناچاربوون لە ماوەی رۆیشتنیان بۆ ئەمریکا دەستبەرداری مووچەکانیان بن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بۆ یارییەکان ئامادەبکەن و بەشداری لە یارییەکاندا بکەن.
 
ئۆکلاند سیتی بە ئەنجامەکانی نەیتوانیووە ببێتە یانەیەکی گەورە  و دیار، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاریزانەکانی کاری دیکە دەکەن و بۆ خۆشی تۆپی پێ دەکەن، ناو و ناوبانگێکی زۆری بۆ خۆی پەیداکردووە و بە یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی تۆپی پێ هەژمار دەکرێت.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە