یانەی زاخۆ بۆ رووداو: عەبدولغەنی شەهد لەگەڵمان بەردەوام دەبێت

25-06-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی زاخۆ عەبدولغەنی شەهد
A+ A-
رووداو هەولێر 

بەرپرسێکی یانەی وەرزشیی زاخۆ دەنگۆی رۆیشتنی عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەکەی بە درۆخستەوە و ئاشکرایکرد کە لەگەڵ ئەو راهێنەرە دەیانەوێت ئەنجامێکی باش لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە بەدەستبهێنن. 
 
دوای دەستلەکارکێشانەوەی تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری پێشووی یانەکە، زاخۆ کەوتە ژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری ناسراوی عێراقی، کە دوای هاتنی ئەو راهێنەرە تیپەکە هیچ یارییەک نەدۆڕاوە و هاندەرانیان ئومێدێکی گەورەیان بۆ رکابەرییەکانی داهاتوو دروستبووە. 
 
میدیاکانی عێراق هەواڵی رۆیشتنی راهێنەری یانەی زاخۆیان لەدوای تەواوبوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق بڵاوکردەوە، لەو بارەیەوە وشیار شەهباز، سکرتێری یانەی وەرزشیی زاخۆ بۆ رووداو گوتی "ئێمە زۆر لەگەڵ کاپتن عەبدولغەنی شەهد ئاسوودەین و دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە دوو یاریمان ماوە لەگەڵی دادەنیشین و باسی هەموو پلان و کار و بەرنامەی داهاتوومان باس دەکەین". 
 
یانەی زاخۆ لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی عێراق یانەی زاخۆ یاری لەگەڵ یانەی نەورۆز دەکات، وەرزی ئەمساڵ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی زاخۆ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و پلەی سێیەمی خولەکەی بەر لە تەواوبوونی یارییەکان وەرگرتووە، بەمەبەش کوڕانی خابوو بلیتێکی گەیشتن بە خول و پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەیان وەرگرتووە. 
 
شەهباز زیاتر گوتی "ئێمە بە تیپێکی بەهێز بەشداری خول و پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە دەکەین، گرێبەست لەگەڵ یاریزانی زۆر باش و سوپەر دەکەین، بە راوێژ لەگەڵ دەستەی راهێنەران پارێزگاری لەو یاریزانانە دەکەین کە خزمەتی یانەکەمان دەکەن و بوونەتە جێگای دڵخۆشی هاندەرانمان، بە هاوکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هاوکارییە داراییەکان بۆ یانەکەمان بەردەوام دەبن و سوپاسیان دەکەین ". 
 
یانەی زاخۆ دوو یاریی داهاتووی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی جەوییە و یانەی گەرمە دەبێت، بڕیارە رۆژی شەممە هاندەرانی یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی خۆیاندا بەر لە دەستپێکی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی جەوییە 30 هەزار ملپێچی سوور کە لۆگۆی یانەکەیانی لەسەرە بەرزبکەنەوە وەک هێمایەک لە پاڵپشتی تیپەکەیان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە