رووداو دیجیتاڵ
کۆڤان حەسەن، پاڵەوانی جیهانی کورد، لە تۆکیۆوە بە رووداوی راگەیاند کە ئامادەیە بۆ ئەوەی لە یارییەکانی پاراڵیمپیکدا پارێزگاری لە ریکۆردەکەی بکات، گوتیشی "شانازییە بۆ من وەک کوردێک بەشداری لە پاراڵیمپیکدا بکەم".
کۆڤان حەسەن، پاڵەوانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە گۆڕەپان و مەیدان، بۆ جاری سێیەم لە مێژووی خۆیدا بەشداری یارییەکانی پاراڵیمپیکدا دەکات لە تۆکیۆ، ئەم وەرزشوانە خاوەن میدالیای زێڕی یارییەکانی ریۆی 2016ـەیە، تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆچی دوایی باوکی ئەوی تووشی کێشە کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆڤان چاوی لە بردنەوەی میدالیایەکی دیکەی زێڕە لە پاراڵیمپیکدا.
کۆڤان کە ئێستا لە تۆکیۆیە، میوانی بوولتەنی وەرزشیی رووداو بوو، ئەو گوتی "خۆشحاڵم کە من تاکە کورد بووم بەشداریم لە ئاهەنگی کردنەوەی پاراڵیمپیکی تۆکیۆدا کرد".
ئەو پاڵەوانە کوردە، کە لە تۆکیۆ رکابەری لەسەر میدالیای زێڕ لە رکابەرییەکانی هەڵدانی رم دەکات، باسی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم ئاڵنگارییەی کرد و گوتی "سەرەتا تووشی کۆرۆنا بووم، دواتریش باوکم کۆچی دواییکرد، ئەوە کێشەی زۆری بۆ دروستکردم و نەمتوانی وەک پێویست مەشق و ئامادەکاری بکەم".
ئەو پاڵەوانە کوردە، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی پاراڵیمپیکی عێراق بەشداری لەم یارییانەدا دەکات، زیاتر گوتی "ئێمە وەک هەڵبژاردەی عێراق کەمپی مەشقیمان باش نەبوو، کە بەهۆی کۆرۆنا یارییەکان راگیران، دواتر پاراڵیمپیکیش دواخرا و ئەوە کاریگەری لەسەر هەموو وەرزشوانان کرد، ئێمە لە مانگی 4 دەستمان بە کەمپی مەشقی کرد، لە کاتێکدا بۆ ریۆ لە مانگی یەک دەستمان پێکرد، واتا 9 مانگ خۆمان ئامادەکرد".
کۆڤان لە رێگەی رووداوەوە بە هەوادارانی راگەیاند کە 4ـی مانگی داهاتوو، کاژێر 14:00 بە کاتی باشووری کوردستان دەست بە رکابەری دەکات و گوتی "من تەنیا لە هەڵدانی رم بەشداری دەکەم، هیوادارم وەک هەردوو پاراڵیمپیکی پێشوو، لە لەندەن و ریۆ ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەم و میدالیایەکی دیکە ببەمەوە".
ئەو پاڵەوانە کوردە ئەوەی نەشاردەوە کە ئەمجارە ئەرکی زەحمەتترە و دووپاتیکردەوە "ئێستا رکابەرانم بەهێزن و من و دوو هاوڕێی عێراقیم لەگەڵ وەرزشوانی بەتوانا رکابەری دەکەین، رکابەرەکانم زۆر بەهێزن، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێکم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ریکۆردی خۆم بکەم، کە لە ریۆ ماوەی 42 مەتر و 85 سانتیمەترم تۆمارکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ