رووداو دیجیتاڵ
دیار کەریم، یاریزانی یاریی سکەیت بۆرد، هەفتەی رابردوو بەشداری لە پاڵەوانێتییەکدا کرد لە رووسیا و دوای گەڕانەوەی بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "هەستێکی زۆر تایبەت بوو کە بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریم کرد".
پاڵەوانێتی سکەیت، لە رووسیا بەڕێوەچوو و زیاتر لە 300 یاریزان بەشداریان تێداکرد لە 65 وڵاتی جیاوازەوە، دیاریش بەناوی کوردستانەوە بەشداری کرد و بە ئاڵای کوردستان و شەرواڵی کوردییەوە نمایشی خۆی کرد.
دیار، لەبارەی ئەم پاڵەوانێتییە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئەم پاڵەوانێتییە ساڵانە لە رووسیا رێکدەخرێت، ئەمساڵ دووەم ساڵە بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا دەکەم، هەستێکی زۆر خۆشە کە بەجلوبەرگی کوردییەوە بەشدارییم کرد و لەلای ئامادەبووانیش جلوبەرگەکەم زۆر نامۆ، جیاواز و سەرنجڕاکێش بوو، وەک دەزانن هەر بەشداربوویەکی ئەم یارییە پێویستی بەوەیە جلی تایبەت بەخۆی لەبەربێت، بەڵام من سوور بووم لەسەر ئەوەی کە دەبێت بە ئاڵای نەتەوەکەم و جلی تایبەتی نەتەوەکەمەوە دەربکەوم".
سەبارەت بەئەنجامی دیار لە پاڵەوانێتییەکەدا، ئەو یاریزانە بە رووداو سپۆرتسی گوت "من رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە تووشی پێکان بووم، نەمتوانتی ئەو ئاستە پێشکێش بکەم، کە خۆم دەمویست، بۆیە هیچ دەستکەوتێکم بەدەست نەهێنا و تەنیا بەشداریم کرد".
یاریی سکەیت بۆرد، یەکێکە لە یارییە جیهانییەکان و یارییەکی ئۆڵمپیادیشە، بۆیە دیار جگە لەوەی یەکێکە لە یاریزانە بەتواناکانی ئەو وەرزشە، دەیەوێت لە کوردستان پەرە بەو یارییە بدات و گەنجانێکی زۆر ئەو یارییە بکەن، هەر لەبەرئەوەش گرووپێکی داناوە و چەندین گەنج فێری ئەو یارییە دەکات و دەیەوێت بیانکاتە یاریزانی بەتوانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ