ئێمباپێ زۆر بەتووڕەییەوە بێدەنگیی دەشکێنێت

25-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ئەلیکساندەر ئاڕنۆڵد
A+ A-
رووداو سپۆرتس

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بێدەنگی دەشکێنێت و رەخنەی تووند لە کەشی نێو ژووری جلگۆڕین دەگرێت و بەئاشکرا گلەیی لە ئاستی ئەستێرەیەکی  هاوڕێی دەکات.
 
کیلیان ئێمباپێ دوای یەکسانبوونی ریال مەدرید لەگەڵ ئیلچێ، بەتووڕەییەوە یاریگەی بەجێهێشت، ئەمەش رەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەتی لەو ئاستە بێهیوایەی تیپەکە، کە سەرەڕای ئەوەی تیپەکە توانی لە دۆڕان رزگاری بێت، بەڵام ئاستی گشتی زۆر دوور بوو لەو ئاستەی چاوەڕوان دەکرا. دوای سێ یاری بەبێ بردنەوە، روون بووەتەوە کە تیپەکە بەدەست کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایکرد یەکسانبوون لەگەڵ ئیلچێ وەک موعجیزە سەیر بکرێت.
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی یانەی شاهانە، لەڕووی کەسییەوە، ئێمباپێ لە باشترین دۆخی خۆیدا نەبوو، دان بەوەدا دەنێت کە لەڕووی جەستەییەوە تەواو ئامادە نەبووە و ئەو ئاستەی پێشکێش نەکردووە کە داواکراوە، بەڵام پاڵەوانی مۆندیالی 2018 پێیوایە ئەم کێشەیە زیاتر پەیوەندی بە ئاستی بەکۆمەڵی تیپەکەوە هەیە، چونکە هیچ پشتیوانییەکی لە هاوڕێکانی لە هێڵی هێرشبەریدا نەبینیوە، بەتایبەتی ئاماژەی بە یاریزانێکی دیاریکراوی تیپەکە کرد، کە پێیوابوو ئاستی زۆر لاواز بووە و ئامادە نییە بەشێوەی سەرەکی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاری بکات.
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێمباپێ دوای یارییەکە زۆر بەتووڕەییەوە گەڕاوەتەوە ژووری جلگۆرین و ناڕەزایەتی خۆی لە کەشی نێو ژووری جلگۆرین نیشانداوە، کە پڕە لە گرژی.
 
تەنانەت ئێمباپێ رەخنەکانی بەتایبەت ئاراستەی ترێنت ئەلیکساندەر ئاڕنۆڵد کردووە و پێیگوتووە کە ئاستی زۆر خراپە و دەبێت بەرزی بکاتەوە بۆ ئەوەی شایەن بەو بێت یاری بۆ ریال مەدرید بکات . 
 
دوای دابڕانێکی زۆر بەهۆی پێکانەوە، یاریزانە نێودەوڵەتییە ئینگلیزەکە بەهۆی دوورکەوتنەوەی دانی کارڤاخال گەڕایەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی، بەڵام  ئاڕنۆڵد شکستى هێنا لە سەلماندنی شایستەیی خۆی لە باڵی راستدا، چونکە بەرامبەر ئیلچێ  ئاستێکی لاوازی لەڕووی بەرگرییەوە پێشکێشکرد و کاریگەریی هێرشبەریشی نەبوو، بەجۆرێک کە  لە رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆکاندا تێپەڕین لێی ئاسان بوو، هەروەها لە کاتی بەرگریشدا بەدەست هێرشبەرانی ئیلچێ دەیناڵاند.
 
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێمباپێ بەتووندی رەخنەی لە ئاستی ئەلیکساندەر ئاڕنۆڵد گرتووە و ئاماژەی بەوەداوە کە یاریزانەکەی پێشووی لیڤەرپوول ئێستا هیچ شتێک پێشکێش بە ریال مەدرید ناکات و دەڵێت "ئێمباپێ پێی ایە فیدی ڤاڵڤێردی دەبێت وەک بژاردەی سەرەکی لە باڵی راستدا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا ئەلیکساندەر ئاڕنۆڵد هێشتا بەسستی خۆی لەگەڵ خولی ئیسپانیا دەگونجێنێت".
 
ریال مەدرید داوای ئاستێکی بەرزتر دەکات لە ئەستێرەیەک کە وەک هێمایەکی جیهانی لە تۆپی پێدا دادەنرێت، بەڵام وادیارە ئەلیکساندەر ئاڕنۆڵد پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ سەلماندنی تواناکانی خۆی لە خولی ئیسپانیا، لەکاتێکدا پرسیاری زۆر لەسەر داهاتووی لەگەڵ تیپەکە دەمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە