رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان نهێنی پشت خواستی جۆن دوران، هێرشبەری کۆلۆمبیی یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی بۆ چوونە ریزەکانی یانەی نەسڕی سعودی ئاشکراکرد، سەرەڕای ئەوەی چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا داوای گرێبەستی لێدەکەن.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەی نەسڕ ئامانجی ئەوەیە دەستەوارەیەکی فەرمی بۆ گواستنەوەی جۆن دوران پێشکەشی ئاستۆن ڤێلا بکات، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دەستەوارەیەکی وێستهامی بۆ گواستنەوەی یاریزانە کۆڵۆمبییەکە رەتکردەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوران لەلایەن نەسڕەوە دەستنیشان کراوە بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردنی تیپەکە، بەڵام ئەوان درک بەوە دەکەن کە دەستەوارەیەکی نزیکەی 80 ملیۆن پاوەندی پێویستە بۆ ئەوەی چانسێکی هەبێت ئاستۆن ڤێلا رازی بکات دەستبەرداری ببێت.
بەم دواییە دۆران گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا واژۆکرد، کە تاوەکو ساڵی 2030 لە یانەکە دەمێنێتەوە، بەمەش بەهای گواستنەوەکانی زیاد دەکات.
رودی گالێتیی راگەیاندنکاری پسپۆڕ لە گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەرەکان لە بازاڕی گواستنەوەدا، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت "دوران ئارەزووی هەیە و کراوەیە بۆ گواستنەوەی بۆ خولی سعودیە، لەبەرئەوەی ئەو دەیەوێت شانبەشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری بکات، ئەوە یەکێکە لە هاندەرەکانی کریستیانۆ".
لای خۆیەوە جۆناسان هێرێرا، بەڕێوەبەری کارەکانی جۆن دوران، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی ریازی سعودی رایگەیاند، یاریزانەکە کراوەیە بۆ یاریکردن لە خولی رۆشنی سعودی، و پەیوەندیکردن بە یانەی نەسڕەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هیچ دانوستاندنێکی فەرمی لەنێوان دوران و نەسڕدا نییە، بەڵام مدوران کێشەی نییە پەیوەندی بە خولی رۆشنەوە بکات، بەڵام هیشتا هیچ دەستەوارەیەک نییە گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
لە هاوینی رابردوودا ناوی دوران پەیوەست بوو بە گواستنەوەی بۆ خولی سعودیە، بەڵام لە رێگەی هیلالەوە، بەڵام دواتر دانوستاندنەکان وەستان و هیچ ئەنجامێکیان نەبوو.
بەگشتی دوران 77 یاری لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا ئەنجامداوە و 20 گۆڵی تۆمارکردووە، لە وەرزی ئێستای 2024-25 یاریزانەکە 19 یاری لە پرێمەرلیگدا ئەنجامداوە، و توانیویەتی 7 گۆڵ تۆماربکات.
پێشتر سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ئاستۆن ڤێلا، ئاشکرایانکردووە کە 40 یانە دەیانەوێت دوران ببەنە ریزەکانیان، بەڵام وادیارە حەزی یاریزانەکە بۆ یاریکردن لەتەنیشت کریستیانۆ رۆناڵدۆ وایلێکردووە 40 یانە لەپێناو ئەو ئاواتەیدا رەتبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ