رووداو دیجیتاڵ
11 کەس کوژران و 12 کەسی دیکەش برینداربوون، لە هێرشێکی چەکداریدا کە کرایە سەر یاریگەیەکی تۆپی پێ لە ویلایەتی گواناخواتۆ لە ناوەڕاستی مەکسیک.
هێرشەکە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سالامانکا روویدا، بەرپرسانی شارەکە رایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکان دەستیپێکردووە.
بەرپرسە نێوخۆییەکانی ناوچەکە ئاشکرایانکردووە، کوژرانی 11 کەس دووپاتکراوەتەوە کە دە کەسیان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا کەسەکەی دیکە لە کاتی چارەسەر وەرگرتن لە نەخۆشخانە مردووە.
هەروەها ئاشکراکراوە کە 12 کەسی دیکە لەهەمان رووداودا برینداربوون و ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکدان لە نەخۆشخانە.
دەسەڵاتدارانی ناوخۆی شارەکە، زانیاریی زۆریان لەبارەی رووداوەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سیزار بریێتۆ، سەرۆکی شارەوانیی سالامانکا گوتویەتی، رووداوەکە لە کاتی کۆبوونەوەی خەڵک بۆ بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێو یاریگاکەدا روویداوە، کاتێک تەقەکەرەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئامادەبووان.
سیزار دەڵێ لە نێو قوربانییەکاندا ژنێک و منداڵێکیش هەن. ئەو رووداوەکەی بە "داڕووخانی کۆمەڵایەتی" ناوبردووە و دەڵێ تەقەکەرەکان دەدۆزینەوە.
میدیاکان دەڵێن ئەوەی روویداوە، بەشێکی دیکە لە شەپۆلی تووندی کوشتن کە ویلایەتەکەی گرتووەتەوە بەهۆی ململانێ و تووندوتیژی نێوان مافیاکان.
گواناخواتۆ سەنتەرێکی گەورەی پیشەسازییە و ژمارەیەکی زۆر پێگەی گەشتیاریی هەیە، بەڵام بەیەکێک لە ویلایەتە خوێناوییەکانی مەکسیک دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ