کاردانەوەی دوای یارییە ئاگرینەکەی چامپیۆنزلیگ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جواو ترالهاو ئەلڤارۆ ئەربێلوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای یارییە ئاگرینەکەی نێوان ریال مەدرید و بێنفیکا لە گەڕانەوەی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ و سەرکەوتنی یانە ئیسپانییەکە بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە، راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیان بۆ میدیاکاران کرد و براوە دڵخۆشیی خۆی نیشاندا و دۆراوەکەش نیگەرانییەکانی خۆی نەشاردەوە.
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، ئامادەبوونی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رکابەرێک لە قۆناخی 16 نیشاندا، یاریدەدەری راهێنەری بێنفیکاش، کە لەو یارییەدا رۆڵی راهێنەری لە شوێنی جۆزێ مۆرینیۆ بینی، سوپاسی یاریزانەکان و هاندەرانی تیپەکەی کرد.
 
پوختەی قسەکانی ئەو دوو راهێنەرە بەمشێوەیە بوو:
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
بێگومان دڵخۆشم بۆ ڤینی، بەتایبەت بۆ ئەو گۆڵە سەرنجڕاکێشەی کە تۆماری کرد. ئەو شایستە ئەوە بوو، چونکە لە بارودۆخێکی وەرزشیی نایابدایە و ئاستێکی گەورە پێشکەش دەکات. هەروەها بەئامادەنەبوونی کیلیان ئێمباپێ پێموایە ڤینی رۆڵی  زۆر گرنگتر بووە؛ زۆر دڵخۆشم بۆ ئەو، چونکە بەڕاستی ماندووبوونی بەرهەمی هەبوو و سەلماندی کە دەتوانێت بارگرانیی تیپەکە هەڵبگرێت. 
 
ئێمباپێ رۆژی پێش یارییەکە ناچاربوو مەشقەکان جێبهێڵێت، چونکە چەند رۆژێک بوو هەستی بە ئازار و ناڕەحەتی دەکرد. لەسەرەتاوە بڕیارمان دابوو کە یاری بکات، بەڵام دوای دوایین مەشق، لەگەڵ تیمی پزیشکی و خودی ئێمباپێ قسەمان کرد؛ گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە باشترین کار پشووپێدانیەتی. دەمانەوێت ئێمباپێ 100٪چاکبێتەوە و بەمتمانەیەکی تەواوەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەو یارییە چارەنووسسازانەی کە لە پێشمانن. ئێستاش تەنیا چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەین.
 
گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە کە ناوی ریال مەدرید لەنێو تیروپشکەکەدا بێت، ئەمە ئامانجی سەرەکیمان بوو لەم یارییەماندا. پێدەچێت هاندەران راهاتبن بەبینینی رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید، پێموایە شەش یان حەوت ساڵە لەسەریەک ئەمە روودەدات. دڵنیام جارێکی دیکەش بەرامبەر یەک دەبینەوە و ئەوەش لای ئێمە ئاساییە. رکابەرەکە هەرکێ بێت، دەزانین قۆناخێکی قورس دەبێت، بەتایبەت کە یاریی گەڕانەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆمانە. راستگۆیانە دەڵێم؛ بردنەوە لە هە رکابەرێک لەم قۆناخەدا، کارێکی پڕ لە زەحمەتی دەبێت.
 
جواو ترالهاو، یاریدەدەری راهێنەری یانەی بێنفیکا:
 
دەمەوێت وشەیەک ئاراستەی هاندەرە سەرسوڕهێنەرەکانی بێنفیکا بکەم کە ئەمڕۆ لە بێرنابیۆ ئامادە بوون؛ ئەوان وەک هەمیشە لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی لەگەڵ تیپەکەیان بوون و هێزێکی زیاتریان پێ بەخشین. ئەمە ناسنامە و  دی ئێن ئەیی بێنفیکایە و ئێمە سوپاسگوزاریانین. هەست دەکەین ئەمڕۆ ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد و هەلی زۆرمان دروست کرد؛ هەر ئێستا لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر قسەم کرد، ئێمە زۆر شانازی بەئاستی تیپەکەمان و یاریزانەکانمان دەکەین کە ئەمڕۆ نایاب بوون، تەنیا لەبەر ئەوە بێزار و نیگەرانین کە ئەنجامەکە وەک پێویست نەبوو.
 
میستەر مۆرینیۆ هەرگیز نەیدەویست لە یارییەکە دوور بێت، وەک دوێنێش گوتمان ئەمە دۆخێکی نادادپەروەرانە بوو کە رووبەڕووی بووەوە، بەڵام هەماهەنگیی نێوانمان بێوێنە و تەواو بوو. ئێمە هەمیشە پلانمان بۆ هەموو ئەگەرەکان هەبووە؛ هەرچەندە چاوەڕێمان نەدەکرد راهێنەرەکەمان لە یارییەکەدا ئامادە نەبێت و بە کارتی سوور بکرێتە دەرەوە، بەڵام بۆ ئەو دۆخەش ئامادە بووین. 
 
هەماهەنگییەکانمان لە سەرەتای ئامادەکارییەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەتەواوی رێکخراوبوون. وەک پێشتریش گوتم؛ بڕیارەکان هەمیشە بڕیاری راهێنەرن، بەڵام بەپشتیوانیی ستافی هونەری من لێرە نوێنەرایەتی ئەو ستافە دەکەم و پێموایە ئەو رێکخستن و هەماهەنگییەی لەنێوانماندا هەبوو، بێ کەموکوڕی و نایاب بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە