هاندەرێک سڵاوی 'نازی' دەکات و ریال مەدرید بە تووندی هاتە سەرهێڵ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بێنفیکا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هاندەرێک لە پەخشی تەلەڤزیۆنیدا دەردەکەوێت، لەسەر شێوازی نازییەکان سڵاو دەکات و ریال مەدریدیش بەپەلە داوای کردنە دەرەوەی دەکات.
 
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە لەکاتی پێشاندانی هاندەرانی هەردوو یانە، هاندەرێک کە لە ناوچەی گرادان فانەوە هەستاوەتە سەرپێ و لەسەر شێوازی نازییەکان سڵاو دەکات، ئەو هاندەرە لە پەخشی راستەوخۆدا پێشاندەدرێت و کاردانەوەی گەورەی بەدوادێت.
 
یانەی ریال مەدرید راگەیێنراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ریال مەدرید رایدەگەیێنێت، بەپەلە داوای لە لیژنەی رێککاریی یانەکەیان کردووە، دەستبەجێ شوێنی ئەو هاندەرە لە رێگەی کامیراکانەوە دەستنیشابکەن کە لە ناوچەی هاندەران سڵاوی نازی کردووە، کە چەند ساتێکی کەم بەر لە یارییەکە ئەمە روویداوە."
 
ریال مەدرید دەڵێت "ئەو هاندەرە هەرچی زووە لەلایەن کارمەندانی ئاسایشی یانەکەوە ناسێندراوە و دەستبەجێ لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کراوەتە دەرەوە."
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا ریال مەدرید سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە و هەموو دەربڕینێکی لەو شێوەیە دەکات کە دەبێتە هاندەر بۆ توندوتیژی، رق و کینە لە وەرزش و کۆمەڵگەکەدا.

 
ریال مەدرید، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر بێنفیکا بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.

پارتی نازی بە سەرکردایەتیی هیتلەر لە ساڵانی 1930 ئەم سڵاوەیان کردە ناچاری بۆ هەموو هاووڵاتیانی ئەڵمانیا. ئەمە وەک نیشانەیەک بوو بۆ نیشاندانی گوێڕایەڵی بۆ هیتلەر و یەکگرتوویی نەتەوەی ئەڵمانیا لەژێر سایەی دەسەڵاتی نازییەکاندا.
 
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم و رووخانی رژێمی نازییەکان لە ساڵی 1945، ئەم سڵاوە بەشێوەیەکی فەرمی قەدەخە کراوە و هەر کەسێک بیکات سزادەدرێت.
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە