رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ئەو یانەیە بووەتە هۆکاری روودانی بوومەلەرزەیەک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید و دەڵێت "ئێمباپێ یەکەم هەنگاوی هاوێشت بۆ سەپاندنی رای خۆی لەسەر ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری نوێی یانەکە". هەروەها دەڵێت "ئەوەی هەموو هاوڕێکانیشی شۆک کردووە ئەوەیە کە کیلیان پشتی لە هاوڕێیەکی هەرە نزیکی کردووە".
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، کیلیان ئێمباپێ. لەدوای یاریی ڤیاڕیال، کە ریال مەدرید بە دوو گۆڵی ئەو یارییەکەی بردەوە، داوای دوورخستنەوەی یەکێک لە ئەستێرەکانی تیپەکە لە پێکهاتەی سەرەکی کردووە.
کیلیان ئێمباپێ، کە بەرامبەر ڤیاڕیال جارێکی دیکە تیپەکەی رزگارکرد لە یەکێک لە قورسترین یارییەکانی وەرزدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیاندا، کاتێک دوو گۆڵی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر ڤیاڕیال تۆمارکرد و سێ خاڵی گرنگ بۆ تیپەکە بەدەستهێنا، دوای یارییەکە راشکاوانە لەبارەی ئاردا گولەری یاریزانی لاوی یانەکە قسەی لەگەڵ ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر کردووە و پێیگوتووە، پێویستە لە یارییە بەهێزەکاندا ئاردا لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەبێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی لۆ پاریزیانی فەرەنسی، دوای یارییەکە یاریزانە فەرەنسییەکە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە ئاستی هاوڕێکەی، ئاردا گولەر دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پشتبەستن پێی لە پێکهاتەی سەرەکیدا، رێگری لە کارایی تیپەکە دەکات لە یارییە نەهێز و یەکلاکەرەوەکاندا.
ئێمباپێ، کە پێویستی بە شەوێکی ناوازە نییە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەبێت، پێشنیازی بۆ راهێنەر کردووە گۆڕانکاری دەستبەجێ ئەنجام بدات و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت هێڵی ناوەڕاست پشت بە هێزی جەستەیی ببەستێت بە بوونی جود بێلینگهام، کاماڤینگا و چوامینی. ئەمە بەپێی رۆژنامەی لۆ پاریزیانی فەرەنسی.
یاریزانەکەی تورکیا، کە وەرزەکەی وەک یاریزانێکی سەرەکی لەژێر دەستی چابی ئەلۆنسۆ دەستپێکرد، نەیتوانی ئاستی خۆی بپارێزێت و بوونی لەناو یاریگەدا بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ بێلینگهام و کاریگەری لەسەر هەماهەنگی تیپەکە هەبووە.
ئێمباپێ بەڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە تیپەکە لە یارییە گەورەکاندا ئاستێکی زۆر باشتر پێشکەش دەکات کاتێک گولەر لە پێکهاتەکەدا نییە، بۆیە داوای دووبارە رێکخستنەوەی هێڵی ناوەڕاستی کردووە بۆ ئەوەی ئازادییەکی زیاتری بەرگری و هێرشبەری بە تیپەکە ببخشێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ