ئەمشەو بەرازیل لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێت

26-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاریی دۆستانە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرازیل درێژە بەگەشتە ئەوروپییە خوددۆزینەوەکەی لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەی دەدات. ئەمشەو لە نێو سانتیاگۆ بێرنانیۆ بەرامبەر ئیسپانیا یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدات کە ئامانجی سەرەکی لێی، زیاتر تێگەیشتنە لە ئاراستەی بیرکردنەوەی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە.
 
بەرازیل لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەگەڵ دۆریڤال جۆنیۆری راهێنەری نوێیدا، لە وێمبڵی سەرکەوتنی بەسەر ئینگلتەرادا بەدەستهێنا لە یارییەکی دۆستانەدا، ئەمشەو دەیەوێت جارێکی دیکە هێزی خۆی بەرامبەر گەورەیەکی دیکەی ئەوروپا تاقیبکاتەوە.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل ئەگەرچی لە ئینگلتەرا بردنەوەیەکی مانەویی بەدەستهێنا، بەڵام ئەنجامی یارییەکە و ئاستی دەرکەوتنی یاریزانانی هەڵبژاردەکە و شێوازی یاریکردنی سامبا، دڵگەریی و گەشبینی بە هاندەرەکانی بەخشی، چونکە لە یارییەکەدا بەرازیل ویستێکی زۆری بۆ باشبوون و تێپەڕاندنی قۆناخی ترس و دوودڵی لە رابردووی خۆی پێشاندا.
 
هاندەرانی نێو سانتیاگۆ بیرنابیۆ، کە ئەمشەو زۆرینەی زۆریان لایەنگری لارۆخا دەبن، هیواخوازبوون ئەمشەو ئیندریکی هێرشبەری بەرازیلیی داهاتووی ریال مەدرید لەسەرەتاوە لە یارییەکەدا ببین، بەڵام راهێنەری بەرازیل پێشوەختە ئەوەی دووپاتکردەوە کە ئەمشەو ئەو ویستە جێبەجێ نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێرشبەرە لاوە کە گۆڵی بردنەوەی لە ئینگلتەرا تۆمارکرد، پێشبینیکراوە لە بەشێکی یارییەکەدا دەربکەوێت.
 
دۆریڤال جۆنیۆر، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، هەواڵی ئەوەی راگەیاند کە ئیندریک لە یارییەکەی ئەمشەودا سەرەکی نابێت، ئەو گوتی، "ئیندریک لەسەرەتاوە یاریی ناکات، بەڵام من دڵنیام لە داهاتوودا هاندەرانی ریال مەدرید دڵخۆشدەکات. ئەو لاوە داهاتوویەکی درەوشاوەی دەبێت، پێگەیشتنی تەنیا پەیوەستە بەکاتەوە. بەداخم کە ناتوانێ ئەمشەو زۆر یاریی بکات، بەڵام دڵنیام کە هەمووان دەتوانن بۆ داهاتوو چاوەڕێی بکەن. 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا گەشە دەکات و پێدەگات. ئەوان بەربژێرن بۆ گەیشتنە یاریی کۆتایی یۆرۆ، دەتوانم گرەو لەسەر ئەوە بکەم و دڵنیام کە ئەوان وا دەبن".
 
ئیسپانیا کە پڕۆڤەکانی خۆی بۆ یۆرۆی داهاتوو ئەنجامدەدات، لە دوایین یاریی دۆستانەی خۆیدا بەرامبەر کۆڵۆمبیا دۆڕاوە، بەڵام لای دی لافوینتێی راهێنەر، ئەوە تەنیا کەوتنی سوارچاکێکە کە ئێستا بەئارامی بەدوای هەڵسانەوەی خۆیدا دەگەڕێت.
 
لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی بەرازیلەوە دەڵێ، "من زۆر ئارامم و زۆر دڵخۆشم بەهەموو یاریزانەکانم. زۆر لایەنی پۆزەتیڤمان بینی، پێویستمان بەکاتی زیاتر هەیە بۆ باشتربوون و توانای ئەوەمان هەیە. شکست ئازاربەخشە، بەڵێ، بەڵام هەمووان لە شکستەکانەوە فێر دەبین. ئێمە وانەی پۆزەتیڤمان لە شكستەکە وەرگرت، لەبەرئەوە دڵخۆشین و یارییەکی دیکە ئەنجامدەدەین".
 
بۆ هەردوو هەڵبژاردە، هاتنە دەرەوە بەئەنجامێکی باشەوە، دڵنیایی زیاتر بەراهێنەران و هاندەران دەدات لەوەی کە دەکرێ هەنگاو بەرەو باشتربوون لە سامبا و لارۆخادا بەردەوام بێت، بۆ یاریزانانیش مەیدانێکی دیکە دەبێت، لەپێناو دڵنیاییدان لە ئامادەیی بۆ کۆپا ئەمێریکا، یان یۆرۆی داهاتوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە