داتاکانی کلاسیکۆ دەریدەخەن ریال مەدرید لە چ کارەستێکدا ژیاوە

12-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کلاسیکۆ یانەی ریال مەدرید یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، بەپشتبەستن بەداتا و ژمارەکانی تایبەت بەیاریی کلاسیکۆ، ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید لە کارەساتێکی گەورەدا ژیاوە لە یارییەکەدا.
 
سەرچاوەکان بەپێی داتاکان دەڵێن، ریال مەدرید لە دوای پێشکەوتنی بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر، ئیدی کەوتووەتە دۆخێکەوە کەم بینراوە.
 
بارسێلۆنا لە مۆنتوجویک، میوانداریی ریال مەدریدی کرد و یارییەکە لە بەرژەوەندی یانە کەتەلۆنییەکە 4 - 3 گۆڵ کۆتایی هات.
 
بارسێلۆنا بەهۆی ئەو بردنەوەیەوە بەتەواوی لە نازناوی لالیگای ئەمساڵ نزیککەوتەوە و لە سێ یاریی داهاتوویدا، پێویستی بەتەنیا یەک بردنەوە هەیە، بۆ بەفەرمیی بوونە پاڵەوانی لالیگا.
 
داتاکانی تایبەت بەیارییەکەی کلاسیکۆ ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید بەدرێژایی ماوەی 23 خولەکی تەواو، نەیتوانیوە لە نیوە یاریگەی بارسێلۆنا تێپەڕێت، ئەوەش داتایەکی شۆکهێنەرە بۆ یانە مەدریدییەکە.
 
داتاکان روونیدەکەنەوە کە ریال مەدرید رووبەڕووی ئەستەمییەکی زۆر بووەتەوە و نەیتوانیوە ریتمی خۆی بەسەر یارییەکەدا بسەپێنێت و هەڕەشە لە گۆڵی بارسێلۆنا بکات..
 
بەپێی ئەو داتایانەیه لە یارییەکەوە وەرگیراون، لە خولەکی 13:39ەوە تاوەکو خولەکی 37:32 واتە دوای پێشکەوتنی ریال مەدرید بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر، یاریزانانی ریال مەدرید بۆ تەنیا یەکجاریش نەیانتوانیوە لەنێو نیوە یاریگەی بارسێلۆنادا قاچیان بەرتۆپ بکەوێت، ئەوەش دووپاتکەرەوەی باڵادەستبوونی تەواوی بارسایە بەسەر یارییەکەدا.
 
بارسێلۆنا لە یارییەکەدا ئاستێکی ناوازی پێشکێشکرد، سەرکەوتوو بوو لە پاشەکشەپێکردنی ریال مەدرید بۆ نیوەی یاریگەی خۆی و بەردەمی گۆڵەکەی، رێگربوو لەوەی ئەو یانەیە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر گۆڵی چێزنی دروست بکات و بەپێچەوانەوە هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵی بارسادا بوو.
 
بارسا نەک هەر تەنیا کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و تۆپی لای خۆی هێشتەوە، بەڵکو لە رووی توانای جەستەییشەوە زۆر سەرکەوتوو بوو، یاریزانانی ئەو یانەیە 108 کیلۆمەتریان لە یارییەکەدا بڕیوە، لە کاتێکدا یاریزانانی ریال مەدرید 98 کیلۆمەتر رایانکردووە.
 
ئەو ژمارەیە دەریدەخات لە رووی راکردن و توانای جەستەییەوە، ریال مەدرید دووەم خراپترین ژمارەی تۆمارکردووە لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا، بەوەش رووندەبێتەوە تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی زۆر ناڵاندوویەتی لە یارییەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە