بارسێلۆنا نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا

27-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جامی شای ئیسپانیا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا، پاشئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە 3 - 2 گۆڵ سەرکەوتنی بەسەر ریال مەدرید بەدەستهێنا.
 
یارییەکە پڕی رووداوی دراماتیکی و گۆڕانکاریی خێرا بوو، بارسێلۆنا لە گێمی یەکەمدا گۆڵی پێشکەوتنی لە رێگەی پیدرێیەوە تۆمارکرد. ریال مەدرید لە گێمی دووەمدا دوو گۆڵی لە رێگەی کیلیان ئێمباپێ و ئۆریلیێن چوامینییەوە تۆمارکرد، بەڵام بارسێلۆنا، بەرلە تەواوبوونی یارییەکە لە رێگەی فیران تۆرێسەوە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە چووە گێمی زیادکراو و بەر لە کۆتاییهاتنی گێمی دووەمی زیادکراو، ژوول کوندێ گۆڵی سێیەمی بارسا و سەرکەوتنی تۆمارکرد.
 
لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، ئانتۆنیۆ رۆدیگێر بەهۆی رەخنەگرتن لە ناوبژیوان و هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەری، لە کاتێکدا لەسەر کورسیی یەدەگ بوو، بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
ئەمە یەکەم نازناوی وەرزی ئەمساڵی بارسێلۆنایە و یانەکە چاوی لەوەیە لە یەکەم وەرزی کارکردنی هانزی فلیکی راهێنەردا، سیانەی مێژوویی بەدەست بهێنێت.
 
بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگای گرتووە بەجیاوازیی چوار خاڵ لە پێش ریال مەدریدی رکابەری، هەروەها لە چامپیۆنزلیگ گەیشتووەتە چوارگۆشەی زێڕین و لە قۆناخی پێشکۆتایی، رووبەڕووی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەبێتەوە.
 
ئەمە یەکەمین نازناوی جامی شای ئیسپانیایە بارسێلۆنا لە چوار وەرزی رابردوودا بەدەستی بهێنێت. هەروەها نازناوی ژمارە 32ی یانەکەیە لە جامی شادا.
 
بەبەدەستهێنانی نازناوی جامی شا، بارسێلۆنا کورسییەکی لە جامی سوپەری ئیسپانیای ساڵی داهاتوو مسۆگەرکرد کە چوار تیپ بەشداریی تێدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە