رووداو دیجیتاڵ
دوایت یۆرکی ئەفسانەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، هەوڵدەدات کریستیانۆ رۆناڵدۆ رازی بکات بەچوونە یانەی چێڵسی لەپێناو یارییکردن بۆ ئەو یانەیە لە مۆندیالی یانەکان.
یۆرک، کە لە چەندین یانەی جیاواز یارییکردووە و لە 1998 تاوەکو 2002 لە مانچێستەر یونایتد بووە، پێیوایە رۆناڵدۆ توانای ئەوەی هەیە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەنجامی یارییەکان هەبێت و هاوکاری یانەی چێڵسی بێت لە مۆندیالی یانەکاندا.
یانەی چێڵسی یەکێکە لەو 32 یانەیەی هاوینی ئەمساڵ، بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکەن، لە کاتێکدا رۆناڵدۆ کە لە یانەی نەسڕ یاریدەکات، لەو پاڵەوانێتییە بەشدار نییە.
یۆرک کە ئێستا وەک هاندەرێکی سەرسەختی یانەی چێڵسی خۆی دەناسێنێت، پێیوایە گرێبەستکردن لەگەڵ رۆناڵدۆ تەنانەت لە تەمەنی 40 ساڵیشدا کارێکی بێوێنە و نموونەییە.
یۆرک دەڵێ، "رۆناڵدۆ هێرشبەرێکی زۆرباشە بۆ چێڵسی، لەبەرئەوەی شێوازی یارییکردنی چێڵسی هەلی زۆر بۆ یاریزانی سەرەڕم دروستدەکات، بۆیە دۆن بەربژێرێکی باشە بۆ یانەکە و سوود لە ئەزموونی وەردەگیرێت".
ئەو هێرشبەرەی پێشووی یونایتد کە دواتر لە پرێمەرلیگ بەهۆی یارییکردن بۆ سەندێرلاند بەرامبەر رۆناڵدۆ یارییکردووە، بەردەوامە لە ستایشکردنی دۆن و دەڵێ "ئەوەی رۆناڵدۆ کردوویەتی بۆ بەزیندووهێشتنەوەی وەرزش لە جیهان لەم تەمەنەدا، کە ئێستا تەمەنی 40 ساڵە، خۆی لەخۆیدا جێگای شانازییە و پێویستە رێزی لێبگیرێت".
سەرەڕای ئەوەی یۆرک دانی بەوەداناوە کە رۆناڵدۆ هێزی جارانی نەماوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە، رۆناڵدۆ توانای خۆگونجاندن و مانەوەی لە ئاستی پێویستدا هەیە.
چێڵسی کە خۆی گەیاندۆتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوودا، بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە یاری کۆتایی کۆنفرانسلیگ، بەرامبەر ریال بێتیس یاری بکات.
دوای ئەوەش چێڵسی خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان ئامادە دەکات کە بڕیارە لە 15ی شەش تاوەکو 13 مانگی حەوتی ئەمساڵ بخایەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ