ریال مەدرید بەفەرمی ئەلۆنسۆی وەک راهێنەری نوێی ناساند

26-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ فلۆرینتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید بەفەرمی بوونی چابی ئەلۆنسۆی بە راهێنەری یانەکەی راگەیاند و بە میدیاکان ناسێنرا. فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید بەخێرهاتنی راهێنەرە نوێیەکەی کرد و گوتی "ئەمڕۆ بەخێرهاتنی چابی ئەلۆنسۆ دەکەین، کە یەکێکە لە ئەندامانی مەدرید".
 
ریال مەدرید رایگەیاند "چابی ئەلۆنسۆ بۆ سێ وەرزی داهاتوو بووە راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەکەمان، کە لە 1ـی حوزەیرانی 2025 دەستبەکار دەبێت و تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2028 بەردەوام دەبێت".
 
رێوڕەسمی ناساندنی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید سیتی بەڕێوەچوو و بەفەرمی وەک راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید پێشکەش کرا.
 
فلۆرینتینۆ پێرێز گوتی "ئەلۆنسۆی راهێنەر یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و دەزانێت ریال مەدرید چییە و ئەم درێسە مانای چییە. ئەمڕۆ بەخێرهاتنی یەکێک لە ئەندامەکانمان دەکەین کە ئەلۆنسۆیە".
 
ئەو هەروەها بە ئەلۆنسۆی گوت "بەخێربێیتەوە بۆ ماڵەکەت، ریال مەدرید. بەخێربێیت بۆ شاری مەدرید، لێرە خەونی ملیۆنان هاندەر بەدی دەهێنرێت".
 
ئەلۆنسۆش دوای رێوڕەسمی پێشکەشکردنەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ میدیاکان لە ژووری کۆنفڕانسەکانی ریال مەدرید سیتی ئەنجام دا و خۆشحاڵی خۆی ەب بوونی بە راهێنەری ریال مەدرید راگەیاند.
 
چابی ئالۆنسۆ گوتی "دەمانەوێت ئەم یانەیە گەورەتر بکەین، سوپاسی سەرۆک دەکەم بۆ متمانەکەی"
 
هەروەها گوتی "دەمەوێت وا لە هاندەران بکەم، کاتێک یاریکردنمان دەبینن بڵێن "ئەمە ریال مەدریدەکەمانە، ئەوە یانەکەی ئێمەیە"
 
ئەلۆنسۆ کە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەگرێتەوە، باسی ئەو راهێنەرە ئیتاڵییەشی کرد  و گوتی "ئەنچێلۆتی راهێنەرێکی گەورەیە و دەستکەوتی زۆری هەبووە، شانازییە بۆ من لەو شوێنە بم کە کارلۆ لێی بووە".
 
پێگەی فەرمی یانەی ریال مەدرید رایگەیاند "چابی ئەلۆنسۆ یەکێکە لە ئەفسانە گەورەکانی یانەی ریال مەدرید و تۆپی پێی جیهانی، لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2014 چابی 236 یاری فەرمی بۆ یانەکەمان ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا شەش نازناوی بەدەستهێناوە، ئەوانیش نازناوی دەیەمین خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە لیسبۆن و جامی سوپەری ئەوروپا، لالیگا، دوو نازناوی جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەلۆنسۆ هەروەها ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، لە ساڵانی 2008 و 2012 نازناوی جامی جیهانی 2010 و یۆرۆی 2021ـی بەدەستهێناوە، هەروەها 113 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئەنجامداوە.
 
لەدرێژەی بڵاوکراوە فەرمییەکەی ریال مەدریددا هاتووە "چابی ئەلۆنسۆ کاری راهێنەرایەتی لە ئەکادیمیای ریال مەدرید دەستپێکرد، لەوێ لە وەرزی 2018-2019 ئەرکی سەرپەرستیکردنی هەڵبژاردەی لاوانی گرتە ئەستۆ و هەردوو نازناوی لیگا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "ئێستا ئەلۆنسۆ وەک یەکێک لە باشترین راهێنەرەکانی جیهان دەگەڕێتەوە ریال مەدرید، دوای ئەوەی مێژووی لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزن تۆمارکرد، تیپێک کە لە سێ وەرزدا خول، جامی ئەڵمانیا و جامی سوپەری ئەڵمانیای لەگەڵدا بەدەستهێناوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە