ئەلۆنسۆ ئامانجی یەکەمی لەگەڵ یانە نوێیەکەی ئاشکراکرد

12-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، ر‌اهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، دووپاتیکردەوە دیارییکردنی یانەی داهاتووی "دوور نییە"، ئەوەش پاشئەوەی ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکەی کرد لە دوایین یارییدا لەسەر یاریگەی 'بای ئارێنا'.
 
ئەلۆنسۆ رۆژی هەینی، رۆیشتنی خۆی لە بایرلیڤەرکوزن راگەیاند لە کۆتایی وەرزدا و دواتریش سەرپەرشتی تیپەکەی کرد لە دوایەمین یاریی خۆیدا لەسەر یاریگەی خۆی، کە بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند دۆڕا 2 - 4 گۆڵ.
 
دەنگۆی زۆری لەبارەی نزیکیی وەرگرتنی مەشقدانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن ئەلۆنسۆوە هەیە، پاشئەوەی پێشەوایەتی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی بۆندێسلیگای وەرزی رابردوو بەبێ دۆڕان.
 
رۆیشتنی ئەلۆنسۆ لە بایرلیڤەرکوزن، هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئەنجامە خراپانەی یانەی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا تووشی بووە و دوایەمینیان، شکستی تیپەکە بوو بەرامبەر بارسێلۆنا لە دوایین کلاسیکۆی لالیگای وەرزی ئەمساڵدا 4 - 3 گۆڵ.
 
ئەلۆنسۆ دوای یارییەکە گوتی، "چاوەڕێ دەبین بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات، کارەکە دوورنییە، بەڵام دەبێ چاوەڕێ بین، ئەمڕۆمان بۆ یانەکە و یاریزانەکانمانە".
 
ئەلۆنسۆ گوتی، "بۆ من، ئەمە کۆتایی سەردەمێکی ناوازەی ژیانمە. دەمەوێت چێژی لێوەربگرم، دواتر بیر لە داهاتوو بکەمەوە، من کاریگەربووم بەوەی روویدا، ئەم یانەیە بۆ تاهەتایە لە دڵمدا دەمێنێتەوە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی یانەکەی داهاتوویەوە، هەروەها ئامانجی ئەو لە کارەکەی لەگەڵ یانەی داهاتووی، ئەو دەڵێ، "دەمەوێت دڵخۆش بم، هەرچییەک رووبدات. دەمەوێت چێژ لەوە وەربگرم کە ئەنجامی دەدەم".
 
ئەلۆنسۆ لە مانگی دەی ساڵی 2022 مەشقدانی بایرلیڤەرکوزنی وەرگرت، نازناوێکی مێژوویی لە خولدا بەبێ دۆڕان لەگەڵ بەدەستهێنا و هاوکات لە هەمان وەرزدا جامی ئەڵمانیاشی بردەوە.
 
ئەلۆنسۆ پێشەوایەتیی بایرلیڤەرکوزنی کرد بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی بۆندێسلیگا لە مێژووی خۆیدا و کاتێک سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی وەرگرت، لە ململانێدابوو لەپێناو دانەبەزین لە خولەکە، بەڵام هەرزوو تیپەکەی زیندووکردەوە و لە پلەی پێنجەم گیرسایەوە و گەیشتە نیوەی کۆتایی یۆرۆپالیگ.
 
ئەلۆنسۆ گرێی لیڤەرکوزنی لەگەڵ نازناوەکان کردەوە، ئەو تیپە پێشتر مێژوویەکی درێژی لە شکست هێنان لە دوایین ساتەکاندا هەبوو. پێنج جار دووەمی خول بوو، سێجار یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیای دۆڕاندبوو، جارێکێش لە 2002 یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر ریال مەدرید دۆڕاندبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە