ئەلۆنسۆ چی لە ریال مەدرید دەگۆڕێت؟

10-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ رۆیشتنی خۆی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە مەشقدانی یانەی بایرلیڤەرکوزن راگەیاند، ئەوە هەنگاوی یەکەمە بەئاراستەی دەستنیشانکردنی ئەو وەک راهێنەری داهاتووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، ئەلۆنسۆ گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە بۆ ماوەی سێ وەرز، بەڵام دیار نییە کەی ئەو راهێنەرە پۆستە نوێیەکەی وەردەگرێت.
 
ئەلۆنسۆ ئەگەرچی کاروانی راهێنەرایەتی درێژ نییە و لووتکەی سەرکەوتنی لەگەڵ بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی بووە، کاتێک وەرزی رابردوو نازناوی بۆندێسلیگای بەبێ شکست بەدەستهێنا و جامی ئەڵمانیاشی بردەوە، بەڵام کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە و پێشبینیکراوە کاریگەریی گەورە لەسەر ریال مەدرید دروست بکات.
 
ئەلۆنسۆ تایبەتمەندیی زۆری هەیە، جیا لەوەی کە ناوەڕاستکارێکی لێهاتوو بووە و ئەزموونێکی گەورەی لە یاریگەدا وەک یاریزان لەگەڵ یانەکانی ریال سۆسیێداد، لیڤەرپوول، ریال مەدرید و بایرن میونشن بەدەستهێناوە. براوەی سەرجەم نازناوەکانە لەگەڵ یانەکاندا و کەسایەتییەکی ئارام، بەڵام تووند و راستەوخۆی هەیە.
 
ئەو تایبەتمەندییانەی وادەکەن ئەلۆنسۆ چاوەڕێکراوبێت لێی، کاری گەورە لە ریال مەدرید بکات، شێوازی بیرکردنەوەی ئەوە، لەکاری راهێنەرایەتی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی تیپ. ئەو لە ماوەیەکی کەمی کارکردن وەک راهێنەر، ئەزموونێکی گەورەی کۆکردەوە و لیڤەرکوزنی لە تیپێکی ئاساییەوە کردە یەکێک لە بەهێزترینەکانی سەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەورووپاش.
 
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید لە چەند خاڵێکدا کۆدەبنەوە..
 
هەمووان رێزی دەگرن
 
چابی، یاریزانێکی گەورە بووە، سەرجەم ئەو نازناوانەی هەر یاریزانێک خەونی پێوە دەبینێت، ئەو بەدەستیهێناون، لە خولی نێوخۆیی وڵاتان، تاوەکو چامپیۆنزلیگ، مۆندیالی یانەکان، یۆرۆ و مۆندیالیش لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا.
 
ئەلۆنسۆ ماوەیەکی زۆر نییە وازی لە یارییکردن هێناوە. ئەو یاریزانانەی ئێستا لە ریال مەدریدن، زۆرینەیان ئەلۆنسۆیان وەک یاریزان لە یاریگەدا بینیوە و تواناکانی ئەو دەزانن، ئەوە وادەکات یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر رێزی بگرن و لەبەرچاویان بێت کە ئەفسانەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و رێنوێنییان دەداتێ.
 
ئەلۆنسۆ هەروەها سەر بە قوتابخانەی تۆپی پێی نوێیە، واتە وردەکارییەکانی ئێستای تۆپی پێ لە جیهاندا شارەزایە. لەسەرکەوتنێکی گەورەوە هاتووە و ئەوەش وادەکات لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا، کاریزمایەکی هەبێت و هاوشێوەی ئەوە نەبێت کە هەندێک یاریزانی ریال مەدرید، بەتایبەت لە وەرزی ئەمساڵدا، سەریان سوڕبمێنێت لەوەی راهێنەرەکەیان چ جۆرە پێشنیازێکیان دەداتێ.
 
زانستییانە بیر دەکاتەوە
 
تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو راهێنەرە، پەیوەندی بەلایەنی تاکتیکی و هونەرییەوە هەیە، ئەلۆنسۆ راهێنەرێکە بڕوای بە زانست و شیکردنەوەی ورد هەیە، نەک تەنیا دەستپێشخەریی تاکانە و ئازادیی زۆر.
ئەو لە لیڤەرکوزن دەستەی یاریدەدەرەکانی لە 15 کەس پێکهاتبوون، لەنێویاندا شرۆڤەکاران، راهێنەری جەستەیی، شیکەرەوەی تیپی بەرامبەر، هەروەها راهێنەری تایبەتی لەگەڵدابوو بۆ مەشقدانی یاریزانان لەسەر هەڵدانی لا و تۆپی جێگیر لە شوێنی جیاوازی یاریگەوە.
 
وردبوونەوەی ئەلۆنسۆ لە وردەکاریی توانای یاریزانان بەپێی داتاکان، دەکرێ ئاسانکاریی گەورەی بۆ بکات، لەبارەی هەڵسەنگاندنی ورد و زانستییانە لەبارەی هەر یاریزانێکی تیپەکەی و شێوازی یارییکردنی و چۆنیەتی سوودلێوەرگرتنی بەباشترین شێوە.
 
هەمووان رۆڵیان روونە
 
ئەلۆنسۆ تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگی هەیە، ئەوەش بریتییە لە چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا. ئەلۆنسۆ راهێنەرێکە هەمووان پابەند دەکات بەڕۆڵێکی تاکتیکیی دیاریکراو لە یاریگەدا. چ بەتۆپەوە یان بێ تۆپ.
 
ئەمە یەکێک بوو لە كێشە هەرە گەورەکانی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا، سێ هێرشبەرەکەی پێشەوەی ریال مەدرید زۆر دەگمەن نەبێت، هاوکاریی ناوەڕاست و بەرگرییان نەدەکرد. زۆر کەم روویدەدا ڤینی، رۆدریگۆ و ئێمباپێ بگەڕێنەوە و گوشار لەسەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر دروست بکەن. ئەم کەم گەڕانەوەیە و نەبوونی گوشاری راستەوخۆ لەسەر تیپی بەرامبەر، بۆشایی گەورەی لە ریال مەدریددا دروستکرد و قورسایی زۆری خستە سەر هێڵی بەرگری تیپەکە، هەربۆیە بینیمان یانەکە ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆری گۆڵی لێکرا و بەئاسانی رکابەرەکانی دەگەیشتنە ناوچەی سزای ئەو تیپە.
 
پێشبینیکراوە ئەلۆنسۆ، هەر یاریزانێک لە تیپەکەدا بە بەرپرسیارێتی هێرشبەری و بەرگری پابەند بکات، ئەوەش هاوسەنگییەکی گرنگ بەتیپەکە دەدات و لە رووی تاکتیکییەوە زۆر بەهێزی دەکات، چونکە لە لیڤەرکوزن بەو شێوەیە یارییدەکرد و هێرشبەران هێڵی یەکەمی گوشاربوون لەسەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر.
 
ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە و هی دیکەش، دەکرێ ریال مەدریدی ئەلۆنسۆ بکەنەوە تیپێکی زۆر جیاواز و کاریگەر لەو تیپەی ئەمساڵ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان بینرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە