کارەکانی کردنەوەی ئەکادیمیای ریال مەدرید لە هەولێر دەستیپێکرد

26-05-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەکادیمیای ریال مەدرید هەولێر
A+ A-
رووداو هەولێر 

بریکاری یانەی ریال مەدرید لە عێراق بۆ رووداو ئاشکرایکرد، کارەکانی کردنەوەی ئەکادیمیای یانەی ریال مەدرید لە شاری هەولێر بە دانانی ژێرخانێکی باشی وەرزشی دەستیپێکردووە و چاوەڕواندەکرێت مانگی هەشتی ئەمساڵ بەشێوەیەکی فەرمی بیکەنەوە. 
 
زیاتر لە دوو مانگە بڕیار لەسەر کردنەوەی ئەکادیمیای یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە شاری هەولێر دراوە، یانەی شاهانەی ئیسپانیا یەکەم ئەکادیمیای لەسەر ئاستی هەموو عێراق بۆ یەکەمجار لە شاری بەغدا کردەوە و نەعیم سەدام، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بریکاری یانەکەیە. 
 
نەعیم سەدام، بریکاری یانەی ریال مەدرید لە عێراق بۆ رووداو گوتی "ئێستا کارەکانمان بۆ کردنەوەی ئەکادیمیای یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی باش رۆیشتووە، دەمانەوێت یاریگەیەکی زۆر باش و ژێرخانێکی وەرزشی باش لە ئاست ناوی یانەکە لە هەولێر دروستبکەین و کارەکان دەستیان پێکردووە". 
 
یانەی ریال مەدرید خاوەن هەوادارێکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان و چاوەڕواندەکرێت لەگەڵ کردنەوەی ئەکادیمیای یانەکە لە شاری هەولێر پێشوازییەکی گەرمیان لێبکرێت. 
 
سەدام لەبارەی پلان و وردەکاریی کارەکانیان روونیکردەوە "ئەکادیمیاکە تایبەت دەبێت بە منداڵانی تەمەن 6 تاوەکو 14 ساڵ بە رێنمایی و هەمان پڕۆگرامی یانەی ریال مەدرید کە لە ئیسپانیا کاری پێدەکرێت بەهەمانشێوە لە هەولێر کارەکان دەکەین، لە کاتی کردنەوەی ئەکادیمیاکەش نوێنەری یانەکە ئامادە دەبێت و دەمانەوێت یاریزانی باش دروستبکەین". 
 
رۆژگار مەحموود، بەڕێوەبەری وەرزشیی هەولێر لەبارەی کردنەوەی ئەکادیمیای یانەی ریال مەدرید لە پایتەختی کوردستان بێئاگای خوی لەو پرسە دووپاتکردەوە "ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمی دەدەین بە فێرگە و ئەکادیمیاکان، هیچ شتێک لەبارەی کردنەوەی ئەکادیمیای یانەی ریال مەدرید لە هەولێر نازانم و ئاگام لەو پرسە نییە". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە