خولی سعودی کۆتاییدێت و زەحمەتە رۆناڵدۆ بگاتە چامپیۆنزلیگ

26-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەڕی کۆتایی خولی تۆپی پێی سعودیە بەڕێوەدەچێت و یانەی نەسڕ هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.
 
نەسڕ لە دوایین گەڕی خولەکەدا بەرامبەر یانەی فەتح یاری دەکات، یانەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندە، پێویستە یانەی هیلال یارییەکەی بدۆڕێنێت و ئەوانیش یارییەکە ببەنەوە.
 
یانەی نەسڕ لەبەردەم دوایین هەلیدایە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا و ئەرکی زۆر زەحمەتە.
 
سەرنەکەوتنی نەسڕ بۆ چامپیۆنزلیگ، کارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆش لەو یانەیە زەحمەت دەکات، بەتایبەت کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سعودییەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
 
نەسڕ لە کاتێکدا ئەم یاری ئەنجامدەدات، یارییەکەی بەرامبەر عروبە بە براوە هەژمارکرا، سەرەڕای ئەوەی لە گەڕی 23ـی خولەکەدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕابوو.
 
هەژمارکردنی یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەی نەسڕ لەکاتێکدایە، رافع ئەلرویلی گۆڵپارێزی یانەی عروبە بەشداریی لە یارییەکەدا کردووە و فەرمانبەری حکومەتە، ئەوەش پێچەوانەی رێکارەکانی خولی سعودییە و بەو هۆیەوە عروبە بە دۆڕاو هەژمارکرا.
 
هیلال لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر یانەی قادسیە یاری دەکات، هیلال دووەمی ریزبەندە و قادسیە لە پلەی چوارەمی خولەکەیە، هیلال بەبردنەوە و یەکسانبوون لە یارییەکەدا دەگاتە چامپیۆنزلیگ و لە ئەگەری دۆڕانی لە یارییەکەدا و بردنەوەی نەسڕ لە فەتح، یانەی نەسڕ دەتوانێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکات.
 
یانەی ئیتیحادی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر زەمک یاری دەکات و ئاهەنگی بردنەوەی نازناوی خولی سعودیەی ئەم وەرزە دەگێڕێت.
 
سەرجەم یارییەکانی ئەمڕۆی خولی سعودی لە یەککاتدا و لە کاژێر 21:00 بەڕێوەدەچن، یانەی ئیتیحادی پاڵەوانی خولی سعودی و ئەهلی، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا مسۆگەر کردووە و ئەمشەو بلیتێکی دیکە لەنێوان هیلال و نەسڕ یەکلادەبێتەوە، هەردوو یانەی عروبە و رائد دابەزینیان بۆ خولی پلە یەکی سعودیە یەکلابووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە