بووکەکەی بێکهام، ماڵی ڤیکتۆریای تێکداوە

26-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن داڤید بێکهام
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، خێزانەکەی داڤید بێکهامی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ، رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی خێزانیی بوونەتەوە بەهۆی نیکۆلا پیلتز کە هاوژینی برۆکلینی کوڕیانە. سەرچاوەکان دۆخەکە لە لێواری تەقینەوەدایە.
 
هاوڕێکانی خێزانەکە بەسەرچاوەکانیان راگەیاندووە، بێکهام و ڤیکتۆریای هاوژینی زۆر نیگەرانن، پێیانوایە پیلتز، بەتەواوی برۆکلینی لە دایکوباوکی دابڕیووە، نەک هەرئەوەندە بەڵکو لە هاوڕێکانی چەند ساڵەی منداڵیشیی دوورخستووەتەوە.
 
ناکۆکییەکان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پەرە دەسەنن، برۆکلین لە بڵاوکراوەیەکی سۆشیال میدیادا پاش دەنگۆکانی ناکۆکییەکە، پشتگیریی خۆی بۆ هاوژینەکەی دووپاتکردەوە و نووسی، "هەموو کات هەر تۆ هەڵدەبژێرم، خۆشەویستەکەم".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، بێکهام و ڤیکتۆریا لە هەڵسوکەوتەکە نیگەرانن، بەڵام شۆک نەبوون، ئەگەرچی برۆکلین لەو بڵاوکراوەیەکدا مەبەستی پشتگیریی دایک و باوکیەتی بەرامبەر هاوژینەکەی.
 
بێکهام و ڤیکتۆریا پێیانوایە نیکۆلا هەر لەخۆیەوە ململانێ دروستدەکات، یان لانیکەم شتەکان زۆر گەورە دەکات، بۆئەوەی برۆکلین لە خێزانەکەی داببڕێت.
 
هەروەها ئەوان وابیردەکەنەوە، "برۆکلین کەسێکی سەربەخۆیە، بەڵام نیکۆلا کۆنترۆڵی ئەوی کردووە و گوشاری لێدەکات بۆ ئەوەی خۆی بەلایەکدا ساخ بکاتەوە".
 
میدیاکان قسەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی نیکۆلا پلیتز کردووە، ئەوان پێیانوایە نیکۆلا کەسێکە لە دەرەوەی خێزانەکەوە هاتووە و هاوکاریی برۆکلینی کردووە بۆ بینینی ئەو بێڕێزی و بێسۆزییەی خێزانەکەی بەرامبەری دەکەن.
 
هاوڕێکانی نیکۆلا زیاتر گوتوویانە، هەردووکیان لەسەرئەوە هاوڕان کە ئەوان تەنیا "پێویستییان بە خۆشەویستی و پشتگیری هەیە" بەڵام بێکهام و ڤیکتۆریا کارەکان قورس دەکەن و بەلاڕێیدا دەبەن.
 
هاوڕێکانی خێزانەکەی بێکهام ئەو چیرۆکە رەتدەکەنەوە، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناکۆکییەکە لەوکاتەوە دەستیپێکردووە کە رۆمیۆی کوڕی بێکهام و برای برۆکلین، پەیوەندی لەگەڵ کچێکدا هەبووە و ئەو کچە، پێشتر پەیوەندی لەگەڵ برۆکلیندا هەبووە و ئەوەش وایکردووە کە تۆمەتبارکردن و قسەی نەشیاو لەنێوان هەردوولادا سەرهەڵبدات و کوڕەکانی بێکهام تۆمەتباربکرێن بەوەی خۆشەویستیەکانیان لەیەکدی دەدزن.
 
مشتومڕ و سەرنجی میدیاکان لەسەر رووداوەکانی نێو ماڵەکەی بێکهام، لە کاتێکدایە کە برۆکلین و نیکۆلا بەشدارییان لە ئاهەنگی ساڵیادی لەدایکبوونی بێکهامدا نەکرد.
 
هاوکاتی ئاهەنگگێڕانی خێزانەکە بۆ ساڵیادی لەدایکبوونی بێکهام، برۆکلین و نیکۆلا ڤیدیۆیەکی خۆیان بەسەر پشتی ماتۆڕسکیلێکەوە لەشەقامەکانی کالیفۆرنیا بڵاوکردەوە کە لەسەری نووسراوە، "تۆ هەموو جیهانی منیت، تاهەتایە خۆشمدەوێی، من و تۆ بۆ هەمیشە".
 
کەسە نزیکەکانی خێزانەکەی بێکهام رایانگەیاندووە، خێزانەکە هەست بەدڵەڕاوکە دەکەن لە بەرامبەر چارەنووسی کوڕەکەیان، بەتایبەت کە ئەو نزیکەی 70 تاتۆی جیاوازی لەسەر جەستەی دروستکردووە، کە زۆرینەیان باس لە خۆشەویستی نیکۆلا دەکەن و تەنانەت هەندێک نامەی ئەوی لەشێوەی تاتۆدا لەسەر جەستەی خۆی نەخشاندووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە