هەژەندێکی گەورە لە لیڤەرپوولەوە بۆ هاندەرانی

26-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیڤەرپوول گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەیەوێت سوپرایزێکی دیکە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بۆ هاندەرانی بکات و چووە نێو رکابەریی مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵ، بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر یۆکێرێش.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، کارگێڕیی یانەی لیڤەرپوول بۆ گواستنەوەی یۆکێرێش هاتووەتە سەرهێڵ و دەیەوێت سوود لە ویستی ئەو یاریزانە بۆ یارییکردن لە دەرەوەی پۆرتوگال وەربگرێت، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا هێرشبەرەکە بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەش رێدز رکابەریی هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵ دەکات.
 
ڤیکتۆر یۆکێرێش، بە کارگێڕیی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنەی راگەیاندووە کە لە وەرزی داهاتوودا لەو یانەیە بەردەوام نابێت و دەچێتە یانەیەکی دیکە.
 
هەرچەند ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە بە یانەی ئارسیناڵەوە بەستراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەبارەی رۆیشتنی یاریزانەکەوە نییە، یانەی مانچێستەر یونایتد کە رۆبن ئامۆریم، راهێنەرایەتی یاکە دەکات داوای یاریزانەکەی کردووە.
 
پێشتر میدیای بەریتانیا رایگەیاندبوو، یۆکێرێش یانەی مانچێستەر یونایتدی رەتکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یاریزانەکە بە یانەکەی گوتووە، پێشینەی بیرکردنەوەی یانەی ئارسیناڵە، ئەگەرنا بەتەواوی مان یونایتدی رەتنەکردووەتەوە.
 
یانەی لیڤەرپوول لەکاتێکدا داوای یۆکێرێش دەکات، داروین نونێز، هێرشبەری ئۆرۆگوایی یانەکە نزیکە لەوەی لە ئانفێڵد بڕوات و پەیوەندی بە یانەی ناپۆلییەوە بکات.
 
هێرشبەرە 26 ساڵەکە، لە وەرزی 2024-2025 بەشێوەیەکی گشتی 52 یاریی بەدرێسی یانەکەیەوە ئەنجامدا و 54 گۆڵی تۆمارکرد، لە 33 یاریی خولی پۆرتوگالدا 39 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری خولەکە.
 
یۆکێرێش لە دوایین یاریی وەرزەکەدا ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی سپۆرتینگ کرد، کاتێک لەبارەی داهاتووە پرسیاریان لێیکرد، گوتی "نازانم چی روودەدات."
 
یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، ئێستا لە گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە