رووداو هەولێر
یەکێتیی پایسکلسواریی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا مانگی داهاتوو پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی شاخاوی لە هەولێر بەڕێوەببات.
دووەمجارە ئەو جۆرە پاڵەوانێتییە لە هەولێر ساز دەکرێت، یەکەم ئەزموون بە بەشداری یاریزانانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو، ئەمساڵ پلانی بەشداریکردنی چەند یاریزانێکی وڵاتانی دەرەوە هەیە.
کەنعان ئیسماعیل، جێگری سەرۆکی یەکێتیی پایسکلسواریی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "پاڵەوانێتییەکە لە بەرزاییەکانی کەسنەزان لە سنووری شاری هەولێر ئەنجامدەدرێت و ئامادەکارییەکی زۆرمان بۆ کردووە، نووسراومان بۆ هەواهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش و پارێزگای هەولێر کردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شۆفڵ و ئامێری تایبەتی شارەوانی هەولێر بێن رێگاکان بەتەواوی چاک بکەین".
چاوەڕواندەکرێت کێبرکێکە ماوەی 10 تاوەکو 15 کیلۆمەتر بێت، ئەمەش وەک زیاتر ناساندن و بڵاوکردنەوەی یارییەکە لە هەرێمی کوردستان و تایبەت وەرزشڤانانی یاریی پایسکلسواری و شاخەوانی.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی پایسکلسواریی کوردستان زیاتر روونیکردەوە "چەند یاریزانێک لە دەرەوەی کوردستان دێن بۆ بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییە، ئێمە دەمانەوێت ئەو جۆرە یارییە بکەینە نەریت، هەرچەندە یارییە تاکەکان پشتگوێخراون و کەس ئاوڕمان لێناداتەوە، بەڵام هەوڵی ئێمە بە هاوکاری چەند سپۆنسەرێک ئەوەیە کە وەرزشیی پایسکلسواری چ لە رێگاکان یان لە شاخ زۆر پێشبخەین".
پایسکلسوارانی کوردستان بەردەوام لە سەر ئاستی عێراق پێشەنگن، لەسەر ئاستی کوڕان یانەکانی دهۆک، کۆیە لەگەڵ هەولێر بەردەوام نازناوەکان دەبەنەوە، لەسەر ئاستی خانمانیش پێشتر یانەی نەورۆز 10 ساڵ بەبێ رکابەر پاڵەوانی عێراق بوو، ئەمساڵ کچانی یانەی برایەتی یەکەمن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ