رێکخراوێکی نێودەوڵەتی رەخنە لە بارسێلۆنا دەگرێت

26-08-2025
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رەخنەی لە رێکەوتنێکی یانەی بارسێلۆنا گرت لەگەڵ حکومەتێکی ئەفریقی و هۆشداری داوەتە یانە ئیسپانییەکە، ئەوکارە سپیکردنەوەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤە لە رێگەی تۆپی پێوە.
 
پێشتر یانەی بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی کۆنگۆی دیموکراتی کردبوو بۆ ماوەی چوار ساڵ، بەمەبەستی دانانی ناوی وڵاتەکە لەسەر درێسی مەشقەکانی یانەکە و تەرخانکردنی بەشێکی یاریگەی سپۆتیفای کامپ نۆ، بۆ پێشاندانی جیاوازییە کولتوورییەکانی ئەو وڵاتە. بەپێی رێکەوتنەکە حکومەتی کۆنگۆی دیموکراتی دەبێتە هاوبەشێکی نێودەوڵەتیی یانە کەتەلۆنییەکە.
 
بارسێلۆنا لە بەرامبەر رێکەوتنەکەدا بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت لەماوەی چوار ساڵدا. 
 
بارسێلۆنا، رێکەوتنەکەی بە هەنگاو بۆ پتەوکردنی کولتووری وەرزش و ئاشتی لە رێگەی تۆپی پێوە ناوبردووە، ئەمە جیا لە بەشداریکردن لە مەشقدانی گەنجان لە کۆنگۆی دیموکراتی لە رێگەی ئەکادیمیای یانەی بارسێلۆناوە لە رێگەی پڕۆگرامی گەشەپێدانی وەرزش و فێرکردنی منداڵان و گەورەکان.
 
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە 'ئەمنستی ئینتەرناشناڵ'، بەتووندی رەخنەی لە رێکەوتنەکە گرتووە، هۆشداریی داوەتە یانەی بارسێلۆنا لە دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ناکرێ وەرزش وەک هۆکارێک بۆ سپیکردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەکاربهێنرێت و روونیکردووەتەوە، ناوچەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە ململانێیەکی چەکداریی تووندی تێدایە، لەنێوان رێکخراوی 23ی مارس کە رواندا پشتگیری دەکات، لەگەڵ کۆمەڵێک گرووپ و هێزی پێشتگیریکراوی سوپای کۆنگۆ و ناوچەکە بەبەردەوامی، پڕۆسەی بەکۆمەڵەی دەستدرێژی بەکۆمەڵ بۆ سەر ئافرەتان و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و مامەڵەی نادروست لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی زەوی دەوڵەمەند بە زێڕ و کۆلتان بەخۆوە دەبینێت.
 
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هەروەها دەڵێ، "لەکاتێکدا بارسێلۆنا کولتووری کۆنگۆ دەخاتە روو، دەبێ ئەوەش ببینین کە پێشێلکارییەکی زۆر هەیە و کۆنگۆ هەوڵی شاردنەوەیان دەدات، ئەمە جیا لە رەشبگیری و ئەشکەنجەدان و کۆتوبەندکردنی ئازادییەکانی رادەربڕین و ژمارەیەکی زۆری بڕیاری لەسێدارەدان".
 
یانەی بارسێلۆنا کە لە ساڵانی رابردوودا بەدۆخێکی دارایی قورسدا تێدەپەڕێت و هەوڵی زۆر دەدات لە رێگەی جیاوازەوە، کەمێک لە دۆخە داراییە خراپەکەی خۆی چاک بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە