رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دەکەوێتە نێو قۆناخێکی ئاڵۆزەوە لە رووی پلاندانان بۆ ماوەی گواستنەوەی زستانە، پاشئەوەی روون بووەوە ئەندریاس کریستنسنی بەرگریکەری یانەکە، بەهۆی پێکانی قورسەوە تاوەکە وەرزی داهاتوو توانای یارییکردنی نابێت.
بارسا رایگەیاندووە بەرگریکەرەکەی، لانیکەم بۆ ماوەی چوار مانگ لە یارییکردن دووردەکەوێتەوە، ئەوەش دەرگای ئەگەری بەکارهێنانی بەشێک لە مووچەی ئەو یاریزانە بەڕووی بارسادا دەکاتەوە، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکەرێکی جێگرەوە.
بەپێی یاساکانی ئامادەکاریی بوودجەی یانەکان لە لالیگا، بارسێلۆنا 25 رۆژی ئاسایی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی داوایەکی ئاوارتە بکات، کە رێگەی دەدات بەشێک لە مووچەی کریستنسن، لە پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەیدا بەکاربهێنێت، ئەو ماوەیە تاوەکو رۆژی 15ی یەکی ساڵی داهاتوودا.
ئەگەرچی یاسا رێگەی داوە بارسا 80 لەسەدی مووچەی کریستنسن بەکاربهێنێت بۆ هێنانی یاریزانێکی دیکە، بەڵام دواکەوتنی کاتەکە، وا دەکات مووچەی ئەو یاریزانە کە بەردەست دەبێت بۆ بارسا تاوەکو بەکاری بهێنێت لەپێناو هێنانی یاریزانێکی نوێ، لەنێوان 50 لەسەد تاوەکو 60 لەسەد بێت، بەوەش ئەو پارەیەی لەبەردەستی بارسا دەبێت بۆ هێنانی یاریزانی نوێ، لە نێوان 5،2 ملیۆن تاوەکو 6،5 ملیۆن یۆرۆ بێت، لە کاتێکدا کۆی مووچەی کریستنسن لەگەڵ یانەکە لە ساڵێکدا 13 ملیۆن یۆرۆیە.
بارسێلۆنا، پێویستی بەوە هەیە دوای پێشکێشکردنی داواکاریی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێک بۆ شوێنگرتنەوەی کریستنسن، سێ رۆژ چاوەڕێ بکات تاوەکو بڕیاری لیژنەی تەندروستیی لالیگا دەردەچێت و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو یاریزانە توانای بەشداریکردنی نییە تاوەکو کۆتایی وەرز، بەوەش نزیکترین رۆژ، 18ی مانگ دەبێت.
لە ساتی دەرچوونی رەزامەندیی لیژنە تەندروستییەکەوە، بارسا تەنیا 20 رۆژی لەبەردەستدایە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێک لەپێناو شوێنگرتنەوەی کریستنسن و بەسوود وەرگرتن لە مووچەی ئەو یاریزانە، بەرلەوەی بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە دووی مانگی دوودا، لە ئیسپانیا دابخرێت.
لە دوای ئەوەش، بارسا دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکدا بکات کە گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی دیکە نەبێت، بەڵام ئەوکات دەکەوێتە بەردەم ئەگەری لەدەستدانی تۆمارکردنی لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان، چونکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، رۆژی 5ی دوو، دەرگای ناونووسکردنی یاریزانان لە لیستی یانەکاندا دادەخات.
بەمانایەکی دیکە، هەر رۆژێک کە بارسا تێیدا دوادەکەوێت لە پێشکێشکردنی داواکاریی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی شوێنگرەوەی ئەو یاریزانە، ماوەی بەردەستی کەمدەبێتەوە و ئەوەش وا دەکات بارسا پێویستی بەجووڵەی خێرابێت، لەپێناو بەدەستهێنانی یاریزانێکی نوێ.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بارسا هیچ جووڵەیەکی فەرمی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ شوێنگرەوەی ئەندریاس کریستنسن نەکردووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەویستی یانەکە دەدەن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەکسیل دیسایسی بەرگریکەری چێڵسی دەدات، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە نایەوێت ئەو یاریزانە بەشێوەی خواستن بڕوات و دەیەوێت بەیەکجاری بیفرۆشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ