لێدوانی فەرمیی فیفا.. کێ جێگەی ئێران دەگرێتەوە ئەگەر لە مۆندیال بکشێتەوە؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، تۆپی پێی جیهان لەژێر مەترسیدایە و سکرتێری گشتی فیفا لەبارەی مەترسییەکانی سەر مۆندیالی 2026 قسە دەکات.
 
ماتیاس گرافسترۆم، سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) ئاشکرایکرد، دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی ئێران دۆخەکە لەژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە و جەختی کردەوە کە سەرنجی سەرەکی لەسەر رێکخستنی جامێکی جیهانیی ئارامە بە بەشداری هەموو هەڵبژاردەکان.
 
بەهۆی شەڕەکەوە ناڕوونی هەیە لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالدا و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ئەگەری هەیە هەڵبژاردەکە بەشداری لە مۆندیالدا نەکات، کە بڕیارە دوای سێ مانگی دیکە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
 
ماتیاس گرافسترۆم، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) لە وێڵز لەو بارەیەوە گوتی: "ئەم بەیانییە هەواڵەکانم (دەربارەی ئێران) بە هەمان ئەو شێوەیە خوێندەوە کە ئێوە خوێندتانەوە."
 
ئەو بەرپرسەی فیفا زیاتر دەڵێت "کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامداوە، هێشتا زووە بۆ لێدوانی ورد، بەڵام چاودێری پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە هەموو پرسەکانی جیهان دەکەین. تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانمان لە واشنتۆن بە بەشداری هەموو هەڵبژاردەکان ئەنجامداوە و تەواوی سەرنجمان لەسەر ئەوەیە مۆندیالێکی ئارام بە بەشداری هەموو تیپەکان بەڕێوەبچێت."
 
سکرتێری گشتیی فیفا لە کۆتاییدا دەڵێت "وەک هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ سێ حکومەتە میواندارەکە، هەمووان سەلامەت دەبن."
 
هەرچەندە هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە کشانەوە یان بەشدارینەکردنی ئێران لە مۆندیالدا دەرنەچووە، بەڵام دوورنییە ئەوە رووبدات، بەتایبەت کە تەنیا 3 مانگ ماوە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، ئەمەش وای لە "فیفا" کردووە پەنا بۆ داڕشتنی پلانی جێگرەوە ببات.
 
یاساکانی فیفا چی دەڵێن ئەگەر ئێران لە مۆندیالی 2026 بکشێتەوە؟
 
لە ئەگەری کشانەوەی هەر هەڵبژاردەیەک پێش دەستپێکردنی مۆندیال، یاساکانی فیفا دەڵێن دەبێت هەڵبژاردەیەکی دیکە جێگەی بگرێتەوە، هەڵبژاردنی تیپی جێگرەوەش بەپێی ریزبەندیی پاڵاوتنەکان دەبێت.
 
ئەگەر هەڵبژاردەی ئێران بکشێتەوە، ئەگەری هەرە بەهێز ئەوەیە تیپێکی دیکە لە هەمان کیشوەر (ئاسیا) هەڵبژێردرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی فیفا دایە.
 
خشتەی یارییەکانی مۆندیال وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەجۆرێک هەڵبژاردە جێگرەوەکە دەچێتە هەمان کۆمەڵە و بەپێی خشتەی دیارییکراو یارییەکانی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات.
 
هەڵبژاردەی ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمە کە هەریەک لە هەڵبژاردەکانی میسر، بەلجیکا و نیوزلەندا لەخۆدەگرێت.
 
بڕیارە ئێران یەکەم یاری خۆی بەرامبەر نیوزیلاند ئەنجام بدات، پاشان بەرامبەر بەلجیکا و لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا رووبەڕووی میسر دەبێتەوە.
 
شاری لۆس ئانجلێسی ئەمریکا میوانداریی دوو یاری هەڵبژاردەی ئێران دەکات کە بەرامبەر نیوزیلاند و بەلجیکا دەبێت، یاریی سێیەمیان بەرامبەر میسر لە شاری سیاتڵ دەکرێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە