ڤیدیۆ؛ کیس ماڵئاوایی لە تێنسی مایامی کرد و کڤیتۆڤا سەرکەوت

27-03-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
یارییەکەی مادیسۆن کیز
یارییەکەی مادیسۆن کیز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە درێژەی یارییەکانی پاڵەوانێتیی مایامی بۆ تێنسی خانمان، باربۆرا کیرچیکۆڤای چیکی لە مادیسۆن کیزی ئەمریکی بردەوە. 
 
باربۆرا بەم بردنەوەیە خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتیی کراوەی تێنسی مایامی. 
 
یارییەکە بەشێوەیەکی بەهێز دەستیپێکرد و کۆمەڵەی یەکەم هەردوولا ئاستێکی باشیان پێشكێشکرد، لە کۆتاییدا بە ئەنجامی حەوت شەش، باربۆرا کیرچیکۆڤای چیکی بردییەوە. 
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا دیاربوو مادیسۆن کیزی ئەمریکی بەرگەی بەهێزیی ئەو خانمە یاریزانە چیکییەی نەگرت و بە ئەنجامی شەش سێ شکستیهێنا. 
 
بەم بردنەوەیە، خانمە یاریزان باربۆرا کیرچیکۆڤا لە ئەرکێکی قورسدا لە قۆناخی هەشت بەرامبەر بە ئیرینا سابالێنکای بێلارووسی یاری دەکات و براوەیان دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی. 
 
لەلایەکی دیکەوە پترا کڤیتۆڤای چیکی بردنەوەیەکی گەورەی بەسەر دۆنا ڤێکیچی ئۆکراینیدا تۆمارکرد و بە دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر لێیبردەوە. 
 
پترا توانی بە کاژێرێک و 39 چرکە کۆتایی بە یارییەکە بهێنێت و بگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتیی کراوەی مایامی بۆ تێنسی خانمان.
 
ئەمە جاری پێنجەمە کە پترای چیکی لە دوایین پێنج بەشداریکردنیدا دەگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە. 
 
لە کۆەمەڵەی یەکەمدا کڤیتۆڤا بە ئەنجامی شەش چوار براوەبوو، شەڕە گەورەکە کەوتە کۆمەڵەی دووەمەوە، دوای ئەوەی یاریزانە ئۆکراینیەییەکە هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بە ئەنجامی حەوت شەش شکستیهێنا و ماڵئاوایی لە پاڵەووانێتییەکە کرد. 
 
لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتیی کراوەی مایامیدا، پترا کیڤتۆڤای چیکی بەرامبەر بە ڤارڤاردا گراچیڤای رووسی یاری دەکات کە یارییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت. 

 

ئەمەش دیمەنی یارییەکەی پترا ڤیتۆڤا و دۆنا ڤێكیچ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە