رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ گێڕانەوەی داستانە وەرزشییەکانی و پێشاندانی رووە مرۆییەکەی، پشتی بە دیدگا و هونەری دەرهێنەری ناسراوی کورد سەهیم عومەر خەلیفە بەستووە، کە بڕیارە گەورەترین پڕۆژەی سینەمایی و دیکۆمێنتاری لە مێژووی وڵاتدا لە ژێر ناونیشانی 'خەونێک.. چارەنووسێک' بەرهەم بهێنێت.
هەڵبژاردنی سەهیم عومەر خەلیفە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم پڕۆژەیە، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی میدیای وەرزشی عێراق دەبینرێت. خەلیفە کە پێشتر دوو جار لە کورتە لیستی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ باشترین کورتە فیلم بەربژێر بووە، ئەمجارە کامێراکەی دەخاتە خزمەت مێژووی تۆپی پێ، بەڵام بە دیدگایەکی جیاواز، ئەو نایەوێت تەنیا یارییەکان تۆمار بکات، بەڵکو دەیەوێت تۆپی پێ وەک پەنجەرەیەک بۆ پێشاندانی ویستی گەلی عێراق بەکاربهێنێت.
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، گرێبەستی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان واژۆ کرا. ئەم کارە بە هاوبەشی لە نێوان یەکێتیی تۆپی پێ و کۆمپانیای 'رۆڵە پرۆدەکشن' بە بەرهەمهێنانی محەمەد غەزبان و سەکۆی 1001 و کۆمپانیای سینەمای عێراقی جێبەجێ دەکرێت. لەم دیکۆمێنتاریەدا، بەیان سەڵاح وەک بەرهەمهێنەر، بەشدار و تاریق تورکی وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن، هاوکاری سەهیم عومەر خەلیفە دەبن.
سەهیم عومەر خەلیفە لەم فیلمەدا چیرۆکی مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێو دەگێڕێتەوە، لە یادگارییەکانی مۆندیالی 1986ـی مەکسیک تاوەکو دەگاتە خەونی ئێستای عێراقییەکان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026. دەرهێنەر جەخت لەسەر چەمکەکانی تێکۆشان بۆ مانەوە و ئالنگارییە دەروونییەکان دەکاتەوە.
بە بوونی سەهیم عومەر خەلیفە لە لووتکەی ئەم پڕۆژەیەدا، چاوەڕوانییەکان بۆ فیلمەکە تەنیا لە ئاستی ناوخۆدا نەماونەتەوە، بەڵکو ئامانج لێی گەیشتنە بە فێستیڤاڵە جیهانییەکان؛ چونکە خەلیفە بەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی لە سینەمای ئەورووپا و جیهاندا هەیەتی، دەتوانێت ئەو چیرۆکە بە زمانێکی جیهانی بگێڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ