رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، لە رووداوی تووڕەبوونەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یاریی کلاسیکۆدا، ئەو یاریزانە جنێوی بە راهێنەرەکەی داوە.
رادیۆی 'کادینا کۆپی' ئیسپانی وردەکاریی ناکۆکیی نێوان ڤینی و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشووی یانەکەی ئاشکراکردووە. بەپێی ئەو سەرچاوەیە هێرشبەرە بەرازیلییەکە قسە و جنێوی بە راهێنەرەکەی داوە، کاتێک لە یاریگا چووەتە دەرەوە.
لە کلاسیکۆی لالیگادا لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لەکاتی دانیشاندنی لە کۆتاییەکانی یارییەکە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەتووڕەییەوە یاریگەی بەجێهێشت و گرتە تووڕەییەکەی ڤینی، بووە مانشێتی میدیای جیهان.
ئەو گرتەیە، سەرەتای ئاشکرابوونی ناکۆکییەکانی نێوان ڤینیسیۆس و ئەلۆنسۆ بوو کە دواتر و لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، پاش شکست لە کلاسیکۆی جامی سوپەر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
باکۆ گۆنزالێس، کە رۆژنامەنووسی رادیۆکەیە ئاشکرایکردووە، "ناکۆکیی نێوان ڤینیسیۆس و ئەلۆنسۆ، لە یاریی کلاسیکۆدا سەریهەڵنەداوە، بەڵکو بەر لە چەند مانگێک ناکۆکییەکە دروستبووە. رەگی ناکۆکییە لە مۆندیالی یانەکاندا سەریهەڵداوە کە هاوینی رابردوو لە ئەمریکا بەڕێوەچوو".
ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێ، لە مۆندیالی یانەکان، کاتێک ئەلۆنسۆ بڕیاریداوە پێکهاتەیەکی جیاواز تاقی بکاتەوە و گۆنزالۆ گارسیا و ئێمباپێ پێکەوە یاریی پێ بکات و ڤینیسیۆس لەسەر کورسیی یەدەگ بێت، ڤینیسیۆس تووڕەبووە.
زیاتر دەڵێ، ئەوکات ئیدی ڤینی لە تووڕەییدا تەقیوەتەوە و لە کەمپی یانەکەدا کێشەی دروستکردووە و هەرئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەلۆنسۆ، پێکهاتەکەی دەستکاری بکات و ڤینی بکاتەوە بەیاریزانی سەرەکی.
گۆنزالۆ زیاتر دەڵێ، لە کلاسیکۆدا، کاتێک ڤینی بینیویەتی ئەلۆنسۆ بڕیاریداوە دایبنیشێنێت، زۆر تووڕەبووە. بەچاڤیدا تەقیوەتەوە و گوتوویەتی، "بۆچی هەمووجارێک هەر من دەبێ بچمە دەرەوە؟ بێزاربووم لە یانەکە دەڕۆم".
دوای ئەو قسانە و کاتێک کە ڤینی زانیویەتی زوومی کامێراکانی لەسەر نەماوە، جنێوی پیسی بە ئەلۆنسۆ داوە.
لەدوای ئەو رووداوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئەگەرچی داوای لێبوردنێکی ئاشکرای لە هەمووانکرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناوی ئەلۆنسۆی نەهێنا.
ڤینی لەماوەی راهێنەرایەتیی چابی ئەلۆنسۆدا 33 یاریی ئەنجامدا و 7 گۆڵ و 10 ئەسیستی هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ