مایکڵ ئۆین: هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەوەی لامین دەتوانێ چی بکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن باڵۆندۆر مایکڵ ئۆین لامین یامال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مایکڵ ئۆینی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلتەرا، بەراوردی نێوان سەرەتاکانی دەرکەوتنی خۆی و لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنای کردووە و دەڵێ هێشتا زووە بۆ تێگەیشتن لەوەی لامین چیدەکات.
 
ئۆین لە رۆژانی سەرەتای دەرکەوتنیدا بە 'کوڕە زێڕینەکە' ناسرابوو، بەهۆی زۆر زوو دەرکەوتن و درەوشانەوە و بەدەستهێنانی باڵۆندۆر لە تەمەنێکی زوودا.
 
ئۆین دووپاتیکردووەتەوە کە قورسترین شت کە رووبەڕووی یاریزانێک دەبێتەوە، "خۆدابڕین لە دەنگەدەنگی دەرەوە" و دۆزینەوەی ژینگەیەکی گونجاوە.
 
مایکڵ ئۆین قسەی بۆ رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی کردووە و دەڵێ، "ئەگەر لێم بپرسن قورسترین شت چییە بۆ ئەوەی لەسەردەمی زوو درەوشانەوەتدا مامەڵەی لەگەڵ بکەیت؟ بەدڵنیاییەوە دەڵێم خۆدابڕین و خۆدوورخستنەوەیە کە هەڵا و دۆزینەوەی کەسانی گونجاوە لە چواردەورت، بۆ ئەوەت بتوانیت باشترین ئاستی خۆت لە یاریگەدا پێشان بدەیت".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "لامین دەبینم کە چێژی زۆر لەکاتەکانی خۆی وەردەگرێت، ناکەوێتە ژێر کاریگەریی دەنگەدەنگی دەرەوە، پێدەچێ ئەو هەست بەگوشار نەکات".
 
هەروەها دەڵێ، "لەدۆخی مندا، من هێرشبەربووم، رۆڵم بریتی بوو لە گۆڵکردن، کاتێک هەلم بۆ دەڕەخسا، دەمزانی چۆن هاوکاریی تیپەکەم بکەم".
 
لەبارەی ئەوەوە کە ئایا لامین یامال هەمان توانای هەیە بۆ ئەوەی ساڵانێکی مەزنی هەبێت و بدرەوشێتەوە؟ ئەو دەڵێ، "هێشتا زووە بڕیار لەوە بدەین، بەڵام ئەگەر من داوای ناوی سێ هێرشبەرم لێبکرێت کە حەزدەکەم لە مۆندیالدا بیانبینم، بەدڵنیاییەوە لامین یەکێک دەبێت لەوان".
 
مایکڵ ئۆین کە بۆ یانەکانی لیڤەرپوول، ریال مەدرید، نیوکاسڵ و مانچێستەر یونایتد کردووە، دەڵێ، "بوونی لامین لە بارسا، دەرگای ئەوەی بۆ دەکاتەوە کە بەشێکی نوێ لە مێژووی تۆپی پێ بنووسێتەوە، بەڵام هێشتا زووە بڕیاربدەین دەتوانێت ئەوە بکات، یان نا".
 
ئۆین یەکێکە لەو یاریزانانەی لە تەمەنی زووی دەرکەوتندا، خەڵاتی باڵۆندۆریان بەدەستهێناوە. ئۆین ساڵی 2001 لە تەمەنی 22 ساڵیدا باڵۆندۆری بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە