هەڵبژاردەی لاوانی عێراق دێتە هەولێر

27-08-2022
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق، کەمپێکی راهێنان لە شاری هەولێر دەکاتەوە بەمەبەستی ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی جامی نەتەوەکانی ئاسیا. 
 
یارییەکانی کۆمەڵەی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا عێراق میوانداریکردووە، یارییەکان رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو لە شاری بەسرە دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی لاوانی عێراق یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی هیندستان، ئوستراڵیا لەگەڵ کوێت دەکات. 
 
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەسەرپەرشتی عیماد محەممەد مانگێکە لە شاری کەربەلا و بەغدا راهێنانەکانی بەردەوامە، بڕیاربوو تیپەکە بۆ کەمپێکی راهێنان گەشتی تورکیا بکات، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کەمپەکەی گواستەوە شاری هەولێر و بڕیارە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق دوو هەفتە لە هەولێر بێت و 3 یاریش لەگەڵ یانەکانی خولی نایابی عێراق دەکات. 
 
لە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق 3 یاریزانی کورد یاریدەکەن کە بریتین لە عەبدولقادر ئەیوب، عمران زەکی، ئیسماعیل ئەحمەد. 
 
عەبدولقادر ئەیوب، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکی تایبەت بەتۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لە دۆخێکی زۆرباشدایە و دەمانەوێت ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەست بهێنین، شاری هەولێر زۆر گونجاوە بۆ راهێنانەکانمان و ئاسوودەین". 
 
یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ لاوان سەرەتای ساڵی 2023 لە وڵاتی ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە