مێسی و مەیامی دەیانەوێت زیاتر لە پێشەنگ نزیکببنەوە

27-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی چاوی لە پێنجەم بردنەوەی لەسەریەکە و دەیەوێت زیاتر لە پلەی یەکەمی خولی ئەمریکا نزیکببێتەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 31ـی خولی ئەمریکا، ئەمشەو کاژێر 23:30 یانەی ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی تۆرۆنتۆ یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
مەیامی لە چوار یاریی رابردوودا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، ئێستا یانەکە بە 55 خاڵ و بە جیاوازیی 5 خاڵ لەگەڵ فێلادێلفیا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام دوو یاریی کەمتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە.
 
لیۆنێل مێسی، گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی ئەمریکایە، یاریزانەکە تاوەکو ئێستا 24 گۆڵی لە خولەکەدا تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەمشەو هاوکاریی یانەکە بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و ژمارەی گۆڵەکانیشی زیاتر بکات.
 
لیۆ لەم وەرزەدا بەشداریی لە 23 یاریی ئینتەرمەیامیدا کردووە، 1970 خولەک یارییکردووە و رۆڵێکی گەورەی بینیووە لە بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەکانی یانەکەدا.
 
ئەم یارییە دەبێتە یەکەم یاریی سێرخیۆ بوسکێس، دوای ئەوەی رۆژی هەینی رایگەیاند لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن دەهێنێت.
 
تۆرۆنتۆ لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین، یانەکە لە دوایین شەش یارییدا یەکسانبووە و لە حەوت گەڕی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی نەبووە، ئێستا دوای ئەنجامدانی 30 یاری، یانەکە تەنیا 5 بردنەوەی هەیە و لە پلەی دوازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە