سیمینیۆ لە میرکاتۆی زستانە بۆرنمۆس جێدەهێڵێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن ئانتوان سیمینیۆ مانچێستەر سیتی چێڵسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زۆرینەی سەرچاوە رۆژنامەوانییە ئینگلیزییەکان دووپاتیدەکەنەوە، ئانتوان سیمینیۆ یەکەم گرێبەستی ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانچێستەر سیتی دەبێت. ئەو یاریزانەی کە پێشبینیکراوە پێپ گواردیۆلا بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی شەڕێکی گەورە بکات، سەرنجی چێڵسیشی لەسەرە، بەڵام پێدەچێ پێپ لە کۆتاییدا جەنگەکە بباتەوە.
 
ئانتوان سیمینیۆ کێیە؟
 
ئانتوان سیمینیۆ، ساڵی 2000 لەدایکبووە، هێرشبەری هەڵبژاردەی گانا و یانەی بۆرنمۆسە. ئەم هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵە، کە دەتوانێت وەک باڵ یان هێرشبەری سەرەڕم یاریبکات، کاروانی پیشەگەری خۆی لە یانەی بریستۆڵ سیتی دەستپێکرد و دواتر بە خواستن چووە یانەی سەندەرلاند، لەوێ ئەزموونێکی نوێی لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکەدا تاقیکردەوە. ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی بۆرنمۆسەوە کرد و لەو کاتەوە بووەتە یەکێک لە گرنگترین یاریزانە هێرشبەرەکانی یانەکە و خولەکە، زیاتر لە 25 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکردووە و بەهۆی خێرایی، هێز و شێوازی یاریکردنی هەمووانی سەرسام کردووە.
 
سیمینۆ لەم وەرزەدا دیارترین یاریزانی بۆرنمۆس بووە، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە 11 گۆڵدا کردووە لە کۆی ئەو 26 گۆڵەی تیپەکە تۆماری کردوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یانەکە بەدەست پاشەکشەی ئەنجامەکان و زنجیرەیەک یاری بێبردنەوەوە دەناڵێنێت، کە وایکردووە دابەزێت بۆ پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکە.
 
سەرەڕای ئەوەش، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بۆرنمۆس بە دەگمەن دەدۆڕێت کاتێک سیمینیۆ گۆڵ تۆمار دەکات، ئەمەش رەنگدانەوەی بەها و گرنگیی یەکلاکەرەوەی ئەو یاریزانەیە لە ناو یاریگەدا.
 
کێ نزیکترینە لە سیمینیۆ؟
 
مانچێستەر سیتی نزیکترین یانەیە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە. گواردیۆلا پێیوایە سیمینیۆ دەتوانێت وزە، پرێسینگ و گۆڵ بۆ تیپەکە زیاد بکات، ئەمەش وادەکات ببێتە یاریزانێکی زۆر گونجاو بۆ پێکهاتەکەیان، پێپ گواردیۆلا یەکێکە لە سەرسامانی سیمینیۆ، لە لێدوانێکدا گوتی "ئەو یاریزانێکی ناوازەیە، وزەکەی، متمانە بەخۆبوونی و جوڵەکانی بڕواپێنەکراون و لە راکردن ناوەستێت، زۆر بە باشی بۆشایییەکان دەدۆزێتەوە، کاتێک تۆپی لەلایە هەست دەکەیت شتێک روودەدات، ئەو لە هەموو یارییەکدا بەرەوپێش دەچێت، یاریزانی وەک ئەو، ئەم خولە تایبەت دەکەن و هەمیشە تینووی سەرکەوتنە".
 
سەرەڕای ئەوەی مانچێستەر سیتی چەندین بژاردەی هێرشبەری لە باڵەکاندا هەیە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە سیمینیۆ وەک یاریزانێکی جیاواز لەوانەی ئێستا لە رووی شێوازەوە دەبینێت. یاریزانەکە بە توانای لێدان بە هەردوو پێی دەناسرێتەوە، لەگەڵ ئازایەتییەکەی لە رووبەڕووبوونەوە تاکەکەسییەکاندا، ئەمانەش ئەو تایبەتمەندییانەن کە پێپ گواردیۆلای راهێنەر بەدوایاندا دەگەڕێت، بەتایبەت بۆ بەهێزکردنی باڵی راستی هێرشبەری تیپەکەی.
 
لە رووی ئامارەوە، لەوانەیە سیمینیۆ لە دروستکردنی هەلدا لە هەندێک یاریزانی سیتی باشتر نەبێت، بەڵام لە تۆمارکردن و دروستکردنی گۆڵدا باشترە، ئەو بە تێکڕاییەکی بەرزتر لە چەندین ناوی هێرشبەری دیار گۆڵی زیاتر تۆمار کردووە و دروستی کردوون. سیمینیۆ هەروەها یەکێکە لەو یاریزانانەی کە زۆرترین لێدانی بۆ نێو گۆڵ هەبووە، لەم وەرزەدا و لە ریزی پێشەوەی ئەو یاریزانانەدایە کە زۆرترین بڕینی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە، ئەمەش شێوازێکی خێراتر دەبەخشێتە هێرشی سیتی، بەتایبەتی لە یارییەکانی دژی ئەو تیپانەی کە پەستانی بەرز بەکاردەهێنن.
 
سیمینیۆ کام یانەی بەلاوە پەسندترە؟ 
 
خودی یاریزانەکە ئاماژەی بە داهاتوو کردووە و لە چاوپێکەوتنێکدا گوتوویەتی، دەیەوێت نازناوەکان بباتەوە، ئەم لێدوانەش پێشبینییەکانی سەبارەت بە ئەگەری چوونی بۆ یانەیەکی وەک مانچێستەر سیتی زیاد کردووە، کە یانەیەکە بە بەردەوامی کێبڕکێ لەسەر نازناوە گەورەکان دەکات.
 
هەڵوێستی بۆرنمۆس چییە؟
 
وادەرناکەوێت بۆرنمۆس ئامادەبێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئەستێرەی یەکەمی ببێت. ئاندۆنی ئێراولای راهێنەر بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێدەبەستێت و پێیوایە ژینگەی ئێستای یانەکە، دەبێتە هۆکارێکی سەرنجڕاکێش بۆ مانەوەی یاریزانەکە.
 
لە ژووری جلگۆڕیندا، سیمینیۆ پێگەیەکی بەرزی لای هاوڕێکانی هەیە، ئەوان وەک یاریزانێک دەیبینن کە توانای یەکلاییکردنەوەی یارییەکانی هەیە، ئەمەش بڕیاری دەستبەرداربوون لەو یاریزانە لە ناوەڕاستی وەرزدا قورستر دەکات.
 
کام یاریزانی سیتی باجەکەی دەدات؟
 
لە ئەگەری تەواوبوونی گرێبەستەکە، هاتنی سیمینیۆ رەنگە رێگە خۆشبکات بۆ رۆیشتنی یەکێک لە باڵەکانی ئێستا، وەک ساڤینیۆ یان ئۆسکار بۆب، بەتایبەتی بەهۆی سیاسەتی سیتی کە پشت بە هاوسەنگیی ژمارەیی یاریزانان دەبەستێت، بەڵام لە روانگەیەکی تەکنیکییەوە، ئەم یاریزانە گانییە چارەسەرێکی دەستبەجێ بۆ قەیرانی پێکانەکان دەخاتە بەردەم گواردیۆلا و دەبێتە بژاردەیەکی درێژخایەن لە کێبڕکێی خولەکەدا.
 
لەگەڵ پشتبەستنی زۆری سیتی بە گۆڵەکانی ئێرلینگ هالاند لەم وەرزەدا، پێویستییەکی روون هەیە بۆ زیادکردنی باڵێک کە بە شێوەیەکی بەردەوام گۆڵ تۆمار بکات و دروستی بکات. لەم چوارچێوەیەدا، سیمینیۆ وەک گرێبەستێکی لۆژیکی دەردەکەوێت و رەنگە لە ململانێی نازناوەکەدا لەگەڵ ئارسیناڵ، رۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە