زاخۆ دەگەڕێتەوە نێو خولی عێراق و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوە گرنگەکەی لە جامی کەنداودا بەرامبەر یانەی عەین و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە، یانەی زاخۆ دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر یانەی گەرمە یاریی دەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 8ـی خولەکەدا کاژێر 18:00 لە رەمادی لەسەر یاریگەی یانەی گەرمە دەکرێت، یانە کوردستانییەکە دوای گەڕانەوەی لە ئیمارات راستەوخۆ چووە بەغدا و لەوێشەوە بۆ رەمادی و بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە، یانەکە لەسەر لاپەرە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیوویەتی "لە ئامانجی دەرەوە بۆ ئامانجی ناوخۆ، تیپەکەمان بۆ یاریی بەرامبەر گەرمە ئامادەیە."
 
بۆ ئەم یارییە هەریەکە لە شێرکۆ کەریم و ئەحمەد ئیبراهیم بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، محەممەد عەلی عەبود، بەهۆی ئەوەی بۆ یارییەک راگیراوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، ویسام رزق، راهێنەری یانەی زاخۆ گوتی "ئێمە لە بردنەوەیەکی گرنگی پاڵەوانێتیی دەرەوە گەڕاوینەتەوە، تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدایە و ئێمە لەسەر رێگەی راستین، سەرەڕای ئەوەی یارییەکە زەحمەتە و گەرمە تیپێکی باشە، بەڵام هاتووین بۆ بردنەوە، ئامادەکاریی باشمان کردووە و پێویستە ئاستێکی بەرز لە یارییەکەدا پێشکێش بکەین.
 
یانەی زاخۆ لە دوایین 8 یارییدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، تەنیا یەک گۆڵی بەرامبەر قادسیە لێکراوە و لە 7 یاریی رابردوودا یانەکە بە کلین شیتەوە یارییەکانی تەواو کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە